بزووتنەوەی ئیسلامی: لەگەڵ ئەوەین ئەمڕۆ ڕیفراندۆم بكرێت و نەخرێتە بەیانی

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان رایگەیاند: "ئومێد دەكەین بزووتنەوەی گۆڕان بەپیر خواستەكانی خەڵكی كوردستان و ئەو كۆمیتەیەوە بێت بۆ ئەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە و، لە كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان سەرۆكی هەرێم و لایەنەكان بەشدار بن، هەروەها لەگەڵ ئەوەین ئەمڕۆ ڕیفراندۆم بكرێت و نەخرێتە بەیانی".
(عەبدوڵڵا وەرتی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو كۆمیتەیەی پێك هێنراوە، سەڵاحیەتی تەواوی لەلایەن (سەرۆك بارزانی)ـیەوە پێ دراوە، ئەمڕۆ ئەو كۆمیتەیە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كۆ بوویەوە و، ئۆمید دەكەین ئەو لایەنە سیاسیانە بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان بەپیر خواستەكانی خەڵكی كوردستان و ئەو كۆمیتەیەوە بێت بۆ ئەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە و لە كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان سەرۆكی هەرێم و لایەنەكان بەشدار بن".
گوتیشی: "ئەو لایەنانەی بەشدار بوون لە كۆبوونەوەكە یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كە مافێكی یاسایی و دەستووریی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، ئێستا ڕاستە قەیرانی دارایی هەیە، هەندێك كیشە هەن، بەڵام دەبێت هەموو ئەمانە بەلاوە بنێین و خەڵكی كوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، ئەگەر دوێنێ زوو بێت، بەیانی درەنگ بێت، ئەمڕۆ كاتیەتی كە ڕیفراندۆم بكەین، لەبەر ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە و سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، بەغدایش بەو شێوەیەی كە هەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، مانای ڕیفراندۆم ئەوە نییە كە وەك سەرۆكی هەرێم لە پەیامەكەیدا رایگەیاندووە كە بەیانی دەوڵەتی كوردی رادەگەیێنێت، بەڵكو ئەوە دەمێنێت تا لەو كاتەی كات گونجاوە دەوڵەتی كوردی ڕادەگەیێنێت، بۆیە ئێمە پشتگیری لەو پەیامەی سەرۆكی هەرێم دەكەین و تەئكید لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەكەینەوە".
رابین شیروانی




