٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەمیرتاش و داودئۆغلو لەسەر جزیرە لێدوانی دژ بە یەك دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

ئانکارا-KDP.info-  (سەلاحەدین دەمیرتاش) هاوسەرۆكی هەدەپە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە لە ماردین ئەنجامی دا، داوای لە حكوومەتی توركیا كرد كە ڕێگەی بدەن لەگەڵ چەند ئەندام پەرلەمانێكی دیكە، سەردانی شارۆچكەی جزیرە بكەن، چونكە ماوەی ١٢ ڕۆژ دەبێت كۆمەڵە بریندارێکی لاشەڕ (سڤیل) لە ژێرزەمینی بینایەكدا گیریان خواردوە و، ژیانیان لە مەترسیدایە.

دەمیرتاش داوای كرد كە لیژنەیەك پێك بهێنرێت و، خۆیشی یەكێك بێت لە ئەندامانی ئەو لیژنەیە بۆ سەردانیكردنی جزیرە و ڕزگاركردنی ئەو كەسانەی كە لە ژێرزەمینی بینایەكدا گیریان خواردوە و، لە ترسی یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ ناتوانن بێنە دەرەوە و بچن بۆ نەخۆشخانە.

ئەو ئاماژەی دا كە ئەوەی توركیا لە جزیرە ئەنجامی دەدات، بە هەموو شێوەیەك دژی یاساكانی مافی مرۆڤی جیهانییە و پێویستە ئیدانە بكرێت. هەروەها دەڵێت وەكو هەدەپە هەوڵی زۆریانداوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە شەڕ بهێنرێت، بەلآم تاوەكو ئێستا هیچ سوودێكی نەبوە.

ئەو باس لەوەیش دەكات كە با تیمێكی پزیشكی سەردانی ئەو بینایە بكەن كە ئەو بریندارانەی تێدایە و ناتوانن بێنە دەرەوە، ئەگەر ڕاست بوو با تیماریان بكەن، ئەگەر ڕاستیش نەبێت ئیدی بۆ خەڵك ڕوون دەبێتەوە.

هەر ئەمڕۆ (ئەحمەد داودئۆغلو) سەرۆكوەزیرانی توركیا لە وتارێكدا ئاماژەی دا كە هیچ هاووڵاتێکی بریندار لە ژێرزەمیندا گیری نەخواردووە و، ئەوەی دەیڵێنەوە بێبنەمایە.
كارزان گلی

هەواڵی پەیوەندیدار