لایه‌نه سیاسییه‌كان: با هه‌موو كێشه‌یەک وه‌لاوە بنێن؛ ئێستا كاتی ڕیفراندۆمه

هەولێر-KDP.info- پاش ئه‌وه‌ی شه‌وی ڕابردوو (سه‌رۆك بارزانی ) په‌یامێكی له‌باره‌ی ڕیفراندۆمه‌وه بڵاوكرده‌وه کە كاتی ئەوە هاتووە و دەرفەتەكان لەبارن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، لایه‌نه سیاسییه‌كانیش په‌یامه‌كه به گرنگ ده‌زانن و، دەڵێن نابێ لایه‌نه سیاسییه‌كان لەو کارە دوودڵ بن؛ دەبێ كێشه‌كانیان وه‌لاوە بنێن، ئاخر كاتی ڕیفراندۆمه.
(سه‌عید عه‌لی عه‌بۆ) ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتوو له بادینان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وه‌كو مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوو دانیشتووین و له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمداین، جا ده‌بێت ناوماڵی كوردستان و ئه‌م بارو‌دۆخه سیاسییه ڕێك بخه‌ین و به‌ره‌و یه‌كتری هه‌نگاو بنێین؛ په‌رله‌مان ده‌بێت كارا بێتەوە تا ڕیفراندۆمه‌كه بکرێت؛ پشتگیری له ڕیفراندۆم ده‌كه‌ین و، مافی خەڵکی كوردستانه هه‌رچه‌نده 2016 ساڵێكی قورسه چ له ڕووی ئه‌منی و چ له ڕووی داراییه‌وه كه كێشه‌یه‌كی سه‌رتانسه‌ری جیهانه، به تایبه‌ت بۆ ئەو ده‌وڵه‌تانه‌ی پشتیان به داهاتی نه‌وت بەستووە، له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌بێت یه‌كده‌نگ و یه‌كڕیزیمان هه‌بێت و بۆچوونه‌كانمان لێك نزیك بكه‌ینەوە، چونكه ئێستا فرسه‌ته بۆ گه‌لی كوردستان تا چاره‌نووسی خۆمان دیار بكه‌ین و، كه‌س نایه‌ت خێرمان پێ بكات و بڵێت فه‌رموون ئه‌مه مافه‌كه‌تان؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش چه‌ند مانگێگ ماوه ڕێككه‌وتنی سایكس‌پیكو كۆتایی پێ بێت."
له‌باره‌ی هه‌مان پرس (عه‌بدوڵا وه‌رتی) گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم له كۆبوونه‌وه‌ی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان له پیرمام هه‌موومان هاوڕا بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه گەلی كوردستان مافی یاسایی و سیاسی خۆیه‌تی كه ڕیفراندۆم له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بكات؛ بڕیاری حزبه‌كه‌ی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه كه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه درا و پشتیوانیی خۆیشمان بۆ ئه‌وه ده‌رده‌بڕین."
(وه‌رتی) ئاماژه‌شی دا به‌وه‌ی كه: "پێویسته لایه‌نه سیاسییه‌كان كێشه و ناكۆكییه‌كانیان وه‌لا بنێن و ئێستا پێشه‌كییه‌كانی ڕیفراندۆم بکرێت كه بریتییه له ڕێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كورد و خۆشكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان لایه‌نه‌كان چونكه له ڕووی كاته ئێستا كاتی ڕیفراندۆمه و، كاتی ڕاگه‌یاندنی دەوڵەتی كوردییه وه‌ك ده‌ڵێن دوێنێ زوو بوو، سبه‌یش دره‌نگه واتە ئه‌مرۆ كاتیه‌تی."
(مونا قه‌هوه‌چی) سه‌رۆكی پارتیی چاكسازی پێشكه‌وتووی توركمانیش له په‌رله‌مانی كوردستان به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت:"په‌یامه‌كه‌ی (سه‌رۆك بارزانی) دەر‌باره‌ی ڕیفراندۆمه‌وه به گرنگ ده‌زانین و ئێستا كاتی ڕیفراندۆمه چونكه عێراق خۆی دابه‌ش بووه و به‌مافی خۆمان ده‌زانین هه‌رێمی كوردستان به ته‌واوی پێكهاته‌كانه‌وه سه‌ربه‌خۆیی خۆمان ڕابگه‌یێنین له ڕێگه‌ی ڕیفراندۆمه‌وه تا ئێمه بتوانین له‌سه‌ر پێی خۆمان ڕابوه‌ستین و ئابووریی خۆمان هه‌بێت."
گوتیشی: "وه‌كو توركمانه‌كان بۆ هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی (سه‌رۆك بارزانی) پشتگیرین چونكه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستانه و، پێویسه لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان یه‌كهه‌ڵوێست بن به‌رامبه‌ر ئه‌م پرسه گرنگه چونكه پرسێكی گشتی و نیشتمانییه و ناكرێت به مزایه‌ده‌ی سیاسییەوە ته‌ماشای ئه‌م پرسه بكرێت؛ داواش ده‌كه‌ین له وڵاتانی جیهان پشتگیریمان بكه‌ن له‌م ڕیفراندۆمەدا."
په‌یوه‌ست به‌هه‌مان پرس (یه‌روانت ئه‌مینیان) نوێنه‌ری ئه‌رمه‌نییه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان بە ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "وه‌كو ئه‌رمه‌نه‌كان به دڵخۆشی پێشوازی له‌و ڕیفراندۆمه ده‌كه‌ین كه مافی میلله‌تی كورده و، هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و خه‌بات و قوربانیه‌ی دراوه بۆ ئه‌وه بوو تا بگه‌ین به مافی ڕه‌وای خۆمان كه دەوڵەتی كوردییه وم ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌و مافه به‌ده‌ست نه‌هێنینم دوایی ئه‌و هه‌له‌مان بۆ دووباره نابێته‌وه كه گونجاوترین كاته و، نابێ لایه‌نه‌كان لێی دوودڵ بین؛ با یه‌كده‌ست بین به ئیراده‌یه‌كی به هێزەوە."
نه‌شوان به‌رزنجی




