٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

30%ـی ئاوارەكانی عێراق ناوچەكانیان رزگار كراوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە سەدا 30ـی ئاوارەكانی عێراق ناوچەكانیان رزگار كراوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی هاوكاری و ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزارییەوە، ناتوانن بگەڕێنە ناوچەكانیان.

(د. ماجد شنگالی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، ناوچەیەكی باش لە سنووری پارێزگاكانی عێراق لە دیالە و سەڵاحەددین و شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە دەستی تیرۆرستانی داعش رزگار كراوە و، بەمەیش لە سەدا 30ـی ئاوارەكانی عێراق ناوچەكانیان ئازاد كراوە، بەڵام هیچ ئاوارەیەك ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر ماڵوحالی خۆی، چونكە ئەو ناوچانە وێران بوونە و خزمەتگوزارییان تێدا نییە".

بە بۆچوونی ئەو ئەندامەی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران: "پێویستە حكوومەتی عێراق پارە تەرخان بكات بۆ ئەو ناوچانەی رزگار كراون تا خزمەتگوزارییەكانی ئاو وكارەبا و تەندروستی و قوتابخانە بۆ ئەو ئاوارانە لە ناوچەكانی خۆیان دابین بكرێت".

(شنگالی) ئەوەیشی گوت: "حكوومەتی عێراق سندوقی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكانی دەستی تیرۆریستانی داعشی داناوە كە زیانیان پێ گەییشتووە بە سەرۆكایەتیی (عەبدولباست توركی) كە لە مانگی ئاداری داهاتوودا لە دەریای مەیت لە وڵاتی ئو‌رد‌ن كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان ئەنجام دەدرێت تا هاوكاری بۆ ئەو ناوچانە كۆ بكەنەوە".

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار