وەزارەتی تەندروستی چاکسازیی ڕاگەیاند

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی کرد بە کەمکردنەوەی نرخی نۆرینگەی پزیشک و نەخۆشخانە تایبەتەکان.
لەبەر قەیرانە دارایی و ئابورییەکەی ھەرێمی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیران و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە (18/1/2015) بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسان و کارمەندان و سەندیکاکانی کەرتی تەرندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کۆ بوونەوە و باسی چاکسازیکردنی بواری تەندروستییان کرد.
(د. ڕێکەوت حەمەڕەشید) وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان دوابەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەندیکا پزیشکییەکان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پاش زنجیرەیەک کۆبوونەوە، بڕیار درا نرخی پزیشکی ڕاھێنراوی لق بکرێتە ھەشتهەزار دینار و نۆرینگەی پزیشکی پسپۆریش کرا بە دوانزەھەزار دینار؛ نۆرینگەی پزیشکی ڕاوێژکاریش کرایە شانزەھەزار دینار."
وەزیری تەندروستی گوتیشی: "نرخی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بە ڕێژەی (30% ) تا (35%) کەم کراوەتەوە."
(ڕێکەوت) گوتیشی: "سەندیکا پزیشکییەکان داوا دەکەن نرخی کرێی خانوو و کرێی کارەبای موەلیدەیان بۆ کەم بکرێتەوە و، ئێمەش بۆ ئەو کارە، پشتیان دەگرین."
فایزە پاڵانی




