"با لەو چاکسازییەدا ھەموو لایەک پشتی حکوومەت بگرن"

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەڵێ، حکوومەتی ھەرێم دەستی بە چاکسازی کردووە، بۆیە پێویستە ھەمووان پشتی بگرن، بەتایبەت ڕۆشنبیران و ماموستایانی ئایین.
(مەلا عەبدوڵا وەیسی) سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ زۆر وتاربێژی مزگەوتەکانی کوردستان بە نوێنەرایەتیی سەرجەم زانایانی ئیسلام دیدارێکی کراوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم و جێگرەکەیدا کرد؛ لەو دیدارە سەرۆکی حکوومەت بە ڕوونی تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای ھەرێم بە تایبەتی قەیرانی داراییی ھەرێم و، گوتی ڕەوتی چاکسازیی حکوومەت دەستی پێکردووە لە کەمکردنەوەی خەرج و زیادکردنی داھات؛ داوای لە ماموستایانی ئایین کرد چۆن جاران ڕۆڵێکی ئیجابییان بینیوە و ئەمجارەش ڕۆڵێکی ئیجابییان ھەبێت لە ئومێدبەخشین بە ھاووڵاتیان لەبارەی ئەو پرۆسەی چاکسازی حکوومەت دەستی داوە پێی، لەبەر ئەوەی قەیرانێکی سەخت ھەرێمی گرتووەتەوە و، پێویست بە پشتگیری ھەموو چینوتوێژەکان ھەیە بۆ ئەوەی تێپەڕێندرێت."
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان گوتیشی: "سەرۆکی حکوومەت باسی لەوە کرد لەمەولا مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێت، بەپێی ئەو داھاتەی دەگاتە دەست ھەرێم و، ئەوەی دیکەیشی دەبێتە قەرز لای حکوومەتی ھەرێم و، دوای قەیرانی دارایی ئەو قەرزەیشیان پێ دەدرێتەوە."
(مەلا عەبدوڵا وەیسی) گوتیشی: "ماموستایانی ئایین وێڕای گەیاندنی گلەوگازندەی خەڵک، خۆیان بە خاوەنی ھەرێمی کوردستان دەزانن و، پشتگیری خۆشیان بۆ ھەنگاوەکانی حکوومەت لەو چاکسازییەدا دەربڕی و، ھاوکاری حکوومەتیش دەبن بۆ ئەوەی قەیرانی دارایی چارەسەر بێت، لەبەر ئەوەی بەگرنگییەوە لەو حکوومەتە دەڕوانن، وا ھەنگاو بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان دەنێین."
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ڕاشیگەیاند: "تێپەربوون لەو قۆناغە سەختە تەنها ئەرکی حکوومەتی ھەرێم نییە و، پێویستە ھەموو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگا ھاوکار بن و، چاکسازی بکەن، بەتایبەت ڕۆشنبیران و ماموستایانی ئایین."
جەختیشی کردەوە، ئەم قەیرانە کاتییە و، پێویستە ھەموو لایەنەکان ھاوکار بن تا ئەوکاتەی چارە دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




