"حکوومەت دەیەوێ خەڵکی هەژار و مووچەخۆر بە زیانێکی زۆر کەم، قەیرانەکە تێپەڕێنن"

هەولێر -KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاوە تاكو خەلكی هەژار و مووچەخۆر بە كەمترین زیان لێی دەرباز بن، بۆ ئەمەیش پێویستە هەموو لایەنەكان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا هاوكار بن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی.
(د. فرسەت سۆفی) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە وەڵامی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا باسی لە قەیرانی دارایی و نەخشەڕێگای چارەسەر بۆ تێپەراندنی دۆخەكە كرد، كە ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاوە تاكو خەڵكی هەژار و مووچەخۆر بە كەمترین زیان لێی دەرباز ببن؛ ئەو ئاوەها باسی پڕۆژە چاکسازییە دوو قۆناغییەکەی حكوومەتی دەکا و، دەڵێ پڕۆژەیەكی زۆر باشە، بەڵام ئەوە سەرەتا بوو، هێشتا چاوەڕوانی شتی گەورەتر دەكەین، حكوومەت هەوڵ بدات خەرجوبەرجەکە لەوەی ئێستایش كەمتر بكرێتەوە و داهاتی دیكە بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران پێ دابین بكرێت و حكوومەتی هەرێم قەیرانە داراییەکەی پێ چارە بکرێت."
گوتیشی: "هاوكاری و هەماهەنگی هەموو لایەك پێویستە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم، چونكە زۆر پێویستە لایەنەكان لەگەڵ یەكدی ڕێك بكەون تاكو بتوانن هەموو لایەنەكان پێكەوە ئەم دۆخە نەخوازراوە تێپەڕێنن.
ڕابین شێروانی




