بۆ كەمكردنەوەی نرخی کاڵا، لیژنە پێك هات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگورزار لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێ، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، وەك چاودێرێك ئاگاداری بەرز و نزمیی شتومەك دەبن لە بازاڕ، ماركێت، خواردنگە و هۆتێلەكاندا.
(سلێمان خالید)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پاش ئەوەی كە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بەشداری لە پانێلەكەی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ( قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كە هەموو دامودەستگاكانی حكوومەت بەشدار بوون، پاشان ئێمەیش كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ هەموو سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كرد بۆ ئەوەی هەر لیژنەیەك لە بواری خۆیەوە سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بكات بۆ ئەوەی بزانن پپێشنیاز و هەڵوێستیان چییە و چ پلانێكیان هەیە بۆ كەمكردنەوەی نرخەكان".
گوتیشی: "ئێمەیش وەك سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی گەشتوگوزارمان كرد و لەگەڵ سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار پلانێكمان هەبوو بۆ كەمكردنەوەی نرخەكان و بۆ ئەو مەبەستەیش سەردانی لایەنی پەیوەندیدار دەكەین، چونكە ئێمە بەپێی یاسای ژمارە (٣)ـی ساڵی (٢٠٠٩) دەسەڵاتێكی چاودێرین و دەسەڵاتی بڕیاردانمان نییە".
(خالید) سەبارەت بە دانانی لیژنە بۆ كەمكردنەوەی نرخی كەلوپەل، گوتی: "لێژنەیەك پێك هاتووە لە قایمقام و دەستەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و، ئەوان دەست دەكەن بە كەمكردنەوەی نرخەكان و دانانی نرخێكی دیاریكراو بۆ هەموو بازاڕ، بە دڵنیاییشەوە دەبێت بازاڕ هاوكار بێت بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتیانمان كەم بكەینەوە".
هەر سەبارەت بە كەمكردنەوەی نرخی شتومەك، (كامەران باقی) خاوەن ماركێت لە شاری هەولێر، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتیی كوردستانی گوت: "ئێمە لە ئاستی خۆمانەوە پێش ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بڕیار دەربكات و نرخ دیاری بكات، دەستپێشخەریمان كردووە بۆ كەمكردنەوەی نرخ، چونكە ئێستا هاووڵاتیان كێشەی داراییان هەیە و چەند مانگێكە مووچەیان وەرنەگرتووە، كەواتە ئێمە دەبێت ئەم قەیرانە لە ئەستۆی خۆمان بگرین و كەمێك بارسووكی بێت بۆ هاووڵاتیان".
رۆژی ٢٧/١/٢٠١٦، بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتاران لە هەولێر، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی پلانی چاكسازی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو و، باسیان لە پلانێك كرد تا هاووڵاتیان باریان سووكتر بێت لە كاتێكدا كە بڕێك لە مووچەكانیان بۆ پاشەكەوت دەكرێت، هەروەها داوایان كرد هەر لایەنێكی پەیوەندیدار دەست بكات بە چاكسازی و قەیرانەكە لەسەر شانی هاووڵاتیان سووك بكرێـت.
فائیزە پاڵانی




