"تورکیا لە مەترسیدا نییە"

ئانکارا -KDP.info- هاوسەرۆكی هەدەپە (سەلاحەدین دەمیرتاش) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا كە لە توركیا شتێك نەماوە بە ناوی پەرلەمانی توركیا، چونكە حكوومەت بۆ ئەوەی تاوانەكانی خۆی بشارێتەوە پەكی پەرلەمانی خستووە.
دەمیرتاش باسی لەوە كرد كە لە باكوور ڕۆژانە خەلكی بێتاوان دەبێتە قوربانیی شەڕی پەكەكە و دەوڵەتی توركیا، پەرلەمانی توركیایش هیچ هەڵوێستێكی نییە و بێدەنگە. ئەو بێدەنگییەش خەتای حكوومەتە، چونكە ئەوان مەبەستیانە تاوانەكانی خۆیان بشارنەوە و، هەروەها بە هیچ شێوەیەك لیپرسینەوەیان لەگەڵدا نەكرێت بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە باكوور ئەنجامی دەدەن، بۆیە پەرلەمانیان پەكخستووە.
ئەو دەڵێت ئێستا شتێك نەماوە بە ناوی پەرلەمانی توركیاوە، چونكە ئەندامانی سەر بە ئاكپارتی لەناو پەرلەماندا هەوڵی ئەو پەكخستنەی پەرلەمانیان داوە.
هەروەها باس لەوەیش دەكات كە ئاكپارتی بە ئاشكرا دەڵێت، كە یان دەبێت وڵات ببێتە سیستەمی سەرۆكایەتی، یاخود شەڕ و ئاژاوە دروست دەبێت.
گوتیشی: "دڵنیام كە هاووڵاتیانی توركیا هەستیان بەو مەترسییە كردووە كە ئاكپارتی هەوڵی بۆ دەدات. ئەگەر لە ترسی دابەشبوونی توركیا و تێكچوونی ئاساییشی ناوخۆی توركیا دەبنە قوربانی، ئەوكات ئێمەیش ڕۆڵەی ئەو وڵاتەین و قوربانیی بۆ دەدەین، بەڵام میللەت دەزانێت ئەم شەڕە بۆ ئەو مەبەستە نییە و هەرگیز توركیا لە مەترسیدا نییە."
كارزان گلی




