چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا پێویست بوو

بەغدا-kdp.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، چوونی شاندی كوردی بۆ بەغدا لەم قۆناغەدا زۆر باش بوو، لەبەر ئەوەی هەرێم و بەغدا لە بەردەم تەحەددییەكی گەورەی قەیرانی ئابووریدانە، بۆیە ئەگەر هەردوو لایەن هاوكار بن، دەتوانن كێشەكانی نێوانیان چارە بكەن.
(موحسین سەعدوون)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هاتنی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا زۆر باش بوو لەم قۆناغەدا، بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام بن، لەبەر ئەوەی هەرێم و بەغدا لە بەرامبەر تەحەددییەكی ئابووریدان، بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەیەك بۆ ئەو قەیرانە بدۆزنەوە".
گوتیشی، لەو سەردانەی شاندی هەرێمدا بۆ بەغدا، گفتوگۆ لەبارەی هەموو كێشەكانەوە كرا، بە تایبەت ئابووری و ئەمنی و، لێكتێگەییشتنی باش هەبوو و بڕیاریش درا چەند لیژنەیەكی هاوبەش بۆ چارەكردنی كێشەكان دروست بكرێن.
هەروەها گوتی، لە ئێستادا هەرێم و بەغدا لە قەیرانی داراییدان، بۆیە پێویستە رێگەیەك بدۆزنەوە جگە لە نەوت بۆ ئەوەی بتوانن لەو قەیرانە دەرباز بن.
(سەعدوون) ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر هەردوو لایەن هاوكار بن، سەردانەكەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا سوودی دەبێت و كێشەكان دەتواندرێت چارە بكرێن.
بڵند ئیبراهیم




