٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەدی حاجی مەحموود: بە بێ هێزی پێشمەرگە، مووسڵ ئازاد ناكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ورە و بەرگری هێزیی پێشمەرگە لە لوتكەدایە و دوژمنیان شكاندووە، بەڵام دەبێت وڵاتانی جیهان زیاتر هاوكاری هێزی پێشمەرگە بن، ئەگەر لە ئازادكردنی مووسڵیشدا هێزی پێشمەرگە بەشدار نەبێت، زۆر زەحمەتە هێزەكانی دیكە بتوانن ئەو شارە لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار بكەن.

(محەممەدی حاجی مەحموود)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تەنیا هێزێك كە داعش لە ژێر دەستی شكابێت، هێزی پێشمەرگەیە، مەسەلەی ڕاوەدوونان و وەدەرنانی تیرۆریستان لە خاكی كوردستان تەنیا هێزی پێشمەرگە ئەو كارەی كردووە، ڕەوشی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگ خراپ نییە، بەڵام لە ڕووی ئیمكانیات و پێویستییەكانی چەك و تا دەگاتە ژیانی رۆژانەی خۆیان، ڕەنگە وەك پێویست نەبێت، ئەگەرنا ورە و بەرگریی هێزی پێشمەرگە لە لوتكەدایە و دوژمنیان شكاندووە و 40%ـی خاكی كوردستانیش لە دەست تیرۆریستان ئازاد كراوە".
گوتیشی: "ئەگەر لە ئازادكردنی مووسڵدا هێزی پێشمەرگە بەشدار نەبێت، زۆر زەحمەتە هێزەكانی دیكە بتوانن ئەو شارە لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار بكەن، بۆیە بۆ ئازادكردنی ئەو شارە ئەگەر هێزی پێشمەرگە بەشدار بێت، دەبێت هەڵوێستی خۆی هەبێت و بە مەرج بەشداریی ئەو شەڕە بكات، هەروەها دەبێت سەركردایەتیی سیاسیی كورد هەڵوێستی هەبێت، چونكە وەك دەبینین هەندێك لە وڵاتان وەك پێویست مامەڵە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ناكەن، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە پێشمەرگە تاكە هێزە توانیویەتی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنێت".

رابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار