٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشینە بۆ كرێكارانی خۆمانەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی دەڵێ، پێشنیاز كراوە هەر كۆمپانیایەك پێویستی بە كرێكار بێت، دەبێ پێشتر كرێكاری خۆمانە وەربگرێـت و بەكاری بخات.

لە ئێستادا هەلی كار كەم بووەتەوە بە هۆی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەوڵ دەدات زیاتر كرێكارانی خۆمانە بەكار بخات.

(نەزمی مووسا عوسمان) جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتیی كوردستانیی ڕاگەیاند: "لە ئێستاوە تا (١/٤/٢٠١٦) بڕیار دراوە كە هیچ كۆمپانیایەكی بیانی ناتوانێت كرێكاری بیانی بهێنێ بۆ كاركردن لە كوردستان، بەپێی ڕێنمایی بەڕێوەبەرایەتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتییش، هەر كۆمپانیایەك داوای كرێكاری بیانی بكات، دەبێ 50% كرێكاری كورد بێت بۆ كاركردن و بەكارخستنی گەنجان".

(نەزمی) گوتیشی: "هەر كۆمپانیایەك كاتێك كرێكاری پێویست بێ، دەبێت لە ڕۆژنامەیەكی فەرمی رایبگەیێنێت كە كرێكاری دەوێت و بۆ ماوەی ( ١٥) ڕۆژیش لە سایتی بەڕێوەبەرایەتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە بەشی هەلی كار ڕایبگەیێنێت كە پێویستی بە كرێكار هەیە، ئەگەر لەم كاتەدا هیچ كرێكارێكی خۆمانە ئامادە نەبوو كە پێویستی بە كار هەیە، ئەو كاتە ڕێگای پێدەرێت كرێكاری بیانی بهێنێت".

سەبارەت بە بەڕێوەبەرایەتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتییش دەڵێت: "بەڕێوەبەرایەتییەكە كە زۆرێك لە چین و توێژەكانی تێدایە و پێویستە یارمەتی بدرێت وەك (كەمئەندام، بێسەرپەرشت و پەككەوتە)، ئێمەیش بۆ چاكسازیی زیاتر هانی ئەو كەسانە دەدەین كە گرینگی بە كەرتی تایبەت بدەن تاوەكو زیاتر خەڵكی بتوانن كار بكەن، چونكە ئێستا كوردستان لە قەیرانێكی دارایی و ئابوورییدایە و لەسەر حكوومەت پێویستە زیاتر ڕێگە بە كەرتی تایبەت بدات پڕۆژە بكەنەوە و زیاتر ئاسانكاری بكات، ئەمەیش هەم بۆ ژێرخانی ئابووریی كوردستان باشە و هەم بۆ بەكارخستنی گەنجانیش، چونكە كاتێك پڕۆژە هەبێت، كرێكاریش دەبێت".

هەر لەم بارەیەوە، خاوەنی كۆمپانیایەكی هێنانی كرێكارانی بیانی بە ناوی (سەروەت عەبدولخالق سمایل)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە كرێكارانی بیانی دەهێنین، بەڵام پێمان خۆشە زیاتر كرێكاری خۆمان كار بكەن، هۆكارەكەیش زیاتر ئەوەیە، كرێكارانی خۆمانی كەمتر كار دەكەن، بەڵام لە ئێستادا بەپێی رێنمایی بەڕێوەبەرایەتیی كار و دەستەربەری كۆمەڵایەتی ڕاگیراوە و ناتوانین كرێكار بهێنین، پێویستە حكوومەتیش هەوڵ بۆ كردنەوەی كەرتی تایبەت بدات، چونكە بێكاری لەم حاڵەتەدا كەم دەبێتەوە".

 

فائیزە پاڵانی

هەواڵی پەیوەندیدار