٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەدنان كەركووكی: هاتنی حەشدی‌شەعبی بۆ دەستبەسەرداگرتنە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info-  گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، سنووری كەركووك جگە لە هێزی پێشمەرگە، پێویستی بە هیچ هێزێكی دیكە نییە و، ئەگەر هەر هێزێكیش بێتە ناوچەكە، پێویستە بە رەزامەندیی پێشمەرگە بێت.

(عەدنان كەركووكی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، سنووری كەركووك جگە لە هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هیچ هێزێكی دیكە نییە، چونكە پێشمەرگە توانیویەتی پارێزگاری لە هەموو سنوورەكە بكات بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە بە بێ جیاوازی و سەركەوتنی گەورەیشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا بەدەست هێناوە و لەلایەن خەڵكی ناوچەكەیشەوە پێشوازی لێ كراوە بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە، بەڵام لە حاڵەتێكدا ئەگەر پێویستی بە هەر هێزێكی دیكە هەبوو، پێویستە بە رەزامەندیی هێزی پێشمەرگە بێت".
(كەركووكی) گوتیشی، ئەو هێزەی حەشدی شەعبی كە هاتووەتە لای بەشیر و تازەخورماتوو، نەیتوانیوە یەك هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت و چەند جار هێرشیان كردووە و بە زیانێكی زۆرەوە گەڕاونەتەوە و هیچ ئامانجێكیان نەپێكاوە، بۆیە ئەو هێزە بۆ سنوورەكە پێویست نییە، چونكە هیچ توانایەكی نییە.
ڕوونیشی كردەوە كە، ئەگەر مەبەستە ستراتیژییەكەی لێك بدرێتەوە بە حوكمی ئەوەی ئەو ناوچەیە ناوچەیەكی جێی ململانێ و ناكۆكییە لە نێوان هەرێم و بەغدا، بۆیە هەوڵ دەدرێت هەر یەكە و بۆخۆی كۆنتڕۆڵی بكات، بەڵام بێ هیچ شك و گومانێك ئەو ناوچانە كوردستانین.
دەشڵێت، چەكی قورس مرۆڤ بە كاری دەهێنێت، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەوان ئەو مرۆڤانەیان بە دەست نەكەوتووە بتوانێ ئەو چەكانە بەكار بهێنێت، باشترین بەڵگەیش ئەو هەموو چەكە قورسەی بە دەست سوپای عێراقەوە بوو و زۆریش پێشكەوتوو بوون و جۆری ئەمەریكایی بوون، كەوتە دەست داعش، بۆیە حكوومەتی عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە هێزێك دروست بكات لە ناوچەكە بتوانی ئەوچەكە قورسانە بەكار بێنێت، بۆیە لەوانەیە وەكو ڕەمادی و مووسڵ و تكریت و ناوچەكانی دیكە بیانەوێت داعش هێرشێك بكات و دەست بەسەر ئەو چەكانەیشدا بگرێت.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار