دەزگای بارزانی "ویلچەر" بەسەر خاوەن پێداویستییە تایبەتەكاندا دابەش دەكات

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی SOCDـی كوێتی، لە هەردوو كەمپی دیبەگە و بەحركە لە سنووری پارێزگای هەولێر، عارەبانەی ویلچەر بەسەر 19 خێزانی خاوەن پێداویستیی تایبەتدا دابەش دەكات.
رۆژی 2016/2/1 دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی هاوكاریكردنی زیاتری خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەڵمەتێكدا لە كەمپەكانی دیبەگەو بەحركە، بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی SOCDـی كوێتی هەستان بە دابەشكردنی عارەبانەی ویلچەر بۆ 19 خاوەن پێداویستیی تایبەت.
لەو بارەیەوە (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: "پڕۆژەی هاریكاریكردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ئەمساڵ بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی LDSـی ئەمەریكایی دەستی پێكردووە و سەرەتا خولی راهێنانمان بۆ ئەو بوارە كردووەتەوە و دواتریش دەستمان بە دابەشكردنی پێداویستیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كردووە".
گوتیشی: "پرۆسەی دابەشكردنی عارەبانەی ویلچەر بەسەر خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەردوو كەمپی بەحركەو دیبەگە، بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی SOCDـی كوێتی بەڕێوە چووە و بەردەوامیش دەبین لە دابینكردنی پێداویستیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان بە ئاوارە و خەڵكی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە".
(مووسا ئەحمەد) ئاماژەی بەوەش دا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمساڵدا بەپێی پڕۆژەیەكی هاوبەش لەگەڵ رێكخراوی LDSـی ئەمەریكایی، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا 80 عارەبانەی ویلچەر و عەكازە و دارشەقەی بەسەر دەستەو كۆمەڵەی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكاندا دابەش كردووە و، پرۆسەكەیش بەردەوام دەبێت تاوەكو زۆربەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان سوودمەند دەبن.




