٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەغدا هاوكاریی ئاوارەكانی هەرێمی نەكردووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- لە میانەی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد كە بە هۆی شەڕی داعشەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بۆیە پێویستە بەغدا ئەمە لە بەرچاو بگیرێت و ئەرك و بەرپرسیارەتیی خۆی جێبەجێ بكات، لەم بارەیەشەوە سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتی: "نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارەی مووسڵ ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و بەغداش هیچ هاوكارییەكی نەكردوون و تەنها حكوومەتی هەرێم و رێكخراوەكان هاوكارییان دەكەن، بۆیە مافی خۆمانە گلەیی و رەخنە لە حكوومەتی عێراق بگرین".

سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (سەیدۆ چەتۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەغدا وەكو پێویست هاوكاریی ئاوارەكانی نەكردووە، لەبەر ئەوەی پێنج ملیار دینار بۆ ئاوارەكان تەرخان كرابوو و تاوەكو ئێستا یەك دیناری خەرج نەكراوە، بۆیە ئەگەر ئاوارەكان بەتەمای بەغدا بوونایە، ژیانیان بەڕێوە نەدەچوو، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان  و رێكخراوەكان هاوكارییان دەكەن، بۆیە بەداخەوە حكوومەتی عێراق لەگەڵ ئێمە و ئاوارەكان هاوكار نییە" .

(چەتۆ) گوتیشی، لە بوودجەی ساڵی٢٠١٤ـدا، بڕی ٩١١ملیار دینار بۆ مووسڵ تەرخان كرابوو و یەك دینار رەوانە نەكرا، هەروەها بۆ ساڵی ٢٠١٥، بڕی ٣٧٢ملیار دینار تەرخان كرابوو بۆ مووسڵ و تاوەكو ئێستا یەك دینار خەرج نەكراوە، بەڵام لە دوای ئەوەی سەردانی بەغدامان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆ بووینەوە، بڕیار درا كە كە لە هی ٢٠١٥ بڕی ٣٣ملیار خەرج بكرێت و دواتر كەمتر كرایەوە بۆ ١١ملیار دینار و لەكۆتاییدا بووە ٣ملیار دینار، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەوەیش خەرج نەكراوە".

سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕوونیشی كردەوە: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئێمەیش وەكو ئەنجوومەن مافی خۆمانە گلەیی و رەخنە لە حكوومەتی عێراق بگرین كە هاوكاریی ئێمە ناكەن، لەبەر ئەوەی ئاوارەكان و ناوچە ئازادكراوەكانیش پێویستیان بە هاوكاری هەیە و باری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر قورسە و لە قەیرانی داراییدایە" .

راشیگەیاند، تاوەكو ئێستا ٩٣٠هەزار ئاوارەی مووسڵ هاتوونەتە هەرێمی كوردستان كە لە ١٧كامپ و چەند شوێنێكی دیكە نیشتەجێ كراون.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار