شاندی هەرێم و مالیکی بە دیداری هەولێر و بەغدا خۆشحاڵ بوون

بەغدا-KDP.info- لەدیداری نێوان شاندی هەرێم و نووری مالیکی ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە خۆشحاڵیی بۆ بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەكردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان، پیشان درا.
لە دوا دیداریاندا لە بەغدا ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 30 - 1 - 2016 شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، دیدارێكیان لەگەڵ نووری مالكی ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی عێراقی ئەنجام دا.
لە دیدارەكەدا شاندی هەرێمی كوردستان تیشكیان خستە سەر ئەم سەردانەیان بۆ بەغدا و دیدار و گفتوگۆكانی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆكوەزیران، سەركۆمار، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق و هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و بەریتانیا لە بەغدا، هەروەها باسیان لە دۆخی ئەمڕۆی عێراق و هەرێمی كوردستان.
ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و شكاندنی مەترسیی تیرۆ لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان و گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ ڕزگاركردنی ئەو ناوچانەی هێشتا لە ژێر كۆنترۆڵی تیرۆرستانی داعشدان، دووپات كرایەوە و خۆشحاڵیی خۆیان بۆ بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەكردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان، پیشان دا.
لە دیدارەكەدا جەخت لەسەر گرنگیی پتەوبوونی پەیوەندیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیات و مەترسییەكانی سەر عێراق و هەرێمی كوردستان و گرتنەبەری ڕێكاری هەنووكەیی و جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی چاكسازیی تۆكمە لە هەموو ڕوویەكەوە بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای دارایی و ئابووری لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرایەوە كە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت ڕووبەڕووی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بووەتەوە.




