ئەمەریكا و بەریتانیا پشتگیریی خۆیان بۆ دیالۆگی هەولێر و بەغدا دەربڕی

بەغدا-KDP.info- شاندی هەرێم بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ هەردوو باڵیۆزانی ئەمەریکا و بەریتانیا کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا باڵیۆزانی ئەمەریکا و بەریتانیا خۆشحاڵی خۆیان بە دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی.
ئێوارەی ئەمرۆ یەكشەممە ٣٠ - ١ - ٢٠١٦ شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەردانی هەردوو باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بەریتانیای لە بەغدا كرد و لەگەڵ باڵیۆز و بەرپرسانی دیپلۆماسیی ئەمەریكی و بەریتانی كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكاندا تیشك خرایە سەر ئەنجامی كۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و داكۆكی لە هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە بواری سەربازیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و نەهێشتنی مەترسییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی كرایەوە. هەروەها جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگ و دیدار و كۆبوونەوەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق فیدرال كرایەوە بۆ چارەسەركردنی تەواوی ئەو كێشە و گرفتانەی لە نێوان هەولێر و بەغدادا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەردوو دیدارەكەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكی و بەریتانی داوایان كرد كە هەردوولا هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی وڵاتەكانیان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوی شەڕی داعش و هاوكارییكردنی نزیكەی ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان كە لەم دۆخەدا بوونەتە بارقورسییەكی زۆر بۆ حكوومەتی هەرێم بە تایبەتی كە هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی قەیرانی دارایی ئێستادا، لە ژێر بارێكی سەخت و قورسدایە.
لە كۆبوونەوەكاندا هەردوو لایەنی ئەمەریكی و بەریتانی خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆیان بۆ بەردەوامیی دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا پیشان دا و جەختیان لە بەردەوامیی ئەو كۆبوونەوە و دیالۆگانە كردەوە. هەروەها دووپاتیان كردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆئەوەی هەرێمی كوردستان پشتگیریی وڵاتانی هاوپەیمانیی دژی داعش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی بەدەست بهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چارەكردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا و بە تایبەتیش پشتگیریی سەربازیی بۆ پێشمەرگە و هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان بۆ چۆنییەتی تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا كە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە.




