٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دۆزینەوەی چارەیەکی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی تاوتوو کرا

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  لەدیداریاندا شاندی هەرێم و عەمار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق باسیان لە دۆزینەوەی چارەیەکی هاوبەش بۆ قەیرانی دارایی کرد.

هەر لە چوارەچێوەی سەردانەكەیاندا بۆ بەغدا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 31 - 1 - 2016 شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ  عەمار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق، دیدارێكیان ئەنجام دا.

لە دیدارەكەدا باس لەو بابەتانە كرا كە لە كۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە و گرنگیی دیدار و كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوولاش بۆ لێكگەیشتن و دانانی پرۆگرامی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەكان، دووپات كرایەوە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش كرا و هەردوولا سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان لە بەرامبەر تیرۆرستان بەرز نرخاند و جەختیشیان لەسەر ئازادكرنی هەموو ئەو شار و دەڤەرانە كردەوە كە هێشتا لەژێر كۆنترۆڵی داعشدان بە تایبەتی شاری مووسڵ كە بۆ تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان گرنگییەكی گەورەی هەیە.

هەردوولا لەسەر ئەوە كۆك بوون كە پێویستە پلانێكی چارەسەری هاوبەش بۆ ئەو قەیرانە داراییە دابنرێت كە بەهۆی دابەزینی لەناكاوی نرخی نەوت ڕووی لە عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی هەرێمی كوردستان كردووە و چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش بە گفتوگۆ و دیالۆگ و دانوستان، دووپات كرایەوە. بە پێویستیش زانرا كە حكوومەتی عێراق هاوكاریی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران بكات كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

تاوتوێ كردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و زیاتر پتەوكردنیان بۆ بەرژوەندی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق و بەردەوامی دیدار و كۆبوونەوەی دووقۆڵی و زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەموو لایەن و پێكهاتەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بە دۆخی عێراق و ناوچەكە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار