نێچیرڤان بارزانی: کۆبوونەوەمان لەگەڵ عەبادی ئەرێنی بوو

بەغدا-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند کە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەرێنی بووە.
لە بەردەوامی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 30 - 1 - 2016 شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ د. فوئاد مەعسووم سەركۆماری عێراقی فیدرال كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكۆماری عێراق چالاككردن و بەردەوامیی سەردانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە مەبەستی چارەكردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا دووپات كردەوە و لەمبارەیەشەوە پشتگیریی خۆی بۆ هەر هەوڵێك پیشان دا.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدرال خستەڕوو و بە گفتوگۆیەكی ئەرێنی وەسف كرد و ئاماژەی بەوە دا كە لە كۆبوونەوەكەدا هەموو پرسەكان و ڕەوشی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و گرنگیی بەردەوامیی ئەم كۆبوونەوانەشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و فراوانكردنی هاوكاریی نێوان هەردوولا لەسەر هەموو پرسەكان، دووپات كردەوە.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها باسی لەوە كرد كە هەرێمی كوردستان باوەشی بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردووەتەوە و جێگەی حەوانەوە و خزمەتگوزاری بۆ دابین كردوون كە ئەمەش بارگرانییەكی زۆری بۆ حكوومەتی هەرێم دورست كردووە و داوای كرد كە ئەمە لەلایەن بەغداوە لەبەرچاو بگیرێت و حكوومەتی عێراق ئەرك و بەرپرسیارییەتیی خۆی لەم بارەوە جێبەجێ بكات.
تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتی دوایین ڕەوشی داراییی هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




