هەولێر و بەغدا رێککەوتن کە کۆبوونەوەی دەوریان هەبێ

هەولێر-KDP.info- هەردوو سەرۆکوەزیرانی کوردستان و عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا ڕێككەوتن كە بۆ بەردەوامیی دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لەپێناو لێكگەیشتنی زیاتر و چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا، كۆبوونەوەی دەوری بەشێوەیەكی بەردەوام ئەنجام بدرێن.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 31 - 1 - 2016 شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئەندامییەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، جێگری پێشووی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدرال، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدایان كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە كەشێكی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، لەگەڵ د. حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدرال و شاندێكی حكوومەتی عێراق كە لە هەریەكە لە وەزیرانی نەوت و پلاندانان و ئاوەدانكردنەوەی و نیشتەجێكردن پێكهاتبوون، عەبادی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، گرنگیی دیدار و كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوولای دووپات كردەوە بۆ لێكگەیشتنی هاوبەش بەرامبەر بە پێشهاتەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر بەرنامەیەكی كار بە شێوەیەك لە بەرژوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستان بە گشتیدا بێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەەوە دا كە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەخوازێت هەموو دەڤەرەكانی عێراق وێران بكات و لەمبارەیەشەوە جەختی لە كاری هاوبەش و پێكەوەیی و بەردەوامیی هەنگاوەكانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوی تیرۆرستانی داعش بە مەبەستی ئازادكردنی شاری مووسڵ و هەموو ئەو دەڤەرانەی لەژێر دەستی داعشدان، كردەوە.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گرینگیی دیدار و كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدای دووپات كردەوە و پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنانەشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە سوپای عێراق لە شاری ڕومادی بەرامبەر تیرۆرستانی داعش بەدەستیان هێناوە و هیوای خواست كە هاوكاریی و هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ببێتە هۆی ڕزگاركردنی تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە تیرۆرستانی داعش.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها پوختەیەكی لەبارەی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە دا كە هاتنی نزیكەی ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوشی دارایی هەرێمی قورستر كردووە بۆیە بە پێویستی زانی حكوومەتی عێراق كۆمەك و هاوكاری بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بنێرێت و یارمەتیان بدات.
لە لایەكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا داكۆكی لەسەر هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدرال و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرایەوە لە هەموو بوارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و ئابووری و تەواوی ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان و عێراق دەبنەوە. بە تایبەتیش باس لەو قەیرانە داراییە كرا كە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەكانی جیهان دروست بووە و كاریگەریی خراپی كردووەتە سەر عێراق و هەرێمی كوردستان، هەردوولاش جەختیان لە پێویستی دانانی بەرنامەیەكی چاكسازیی ئابووری كردەوە بە شێوەیەك هەوڵ بدرێت لە بواری داهاتدا كەمتر پشت بە فرۆشتنی نەوت ببەسترێت.
لە دیدارەكەدا ئەو مەترسیانەش تاوتوێ كران كە لەسەر بەنداوی مووسڵ هەن و تیشك خرایە سەر ئەو ڕێكارانەی كە دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە بگیرێنە بەر. هەروەها لەسەر ئەوەش ڕێككەوتن كە بۆ بەردەوامیی دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لەپێناو لێكگەیشتنی زیاتر و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا، كۆبوونەوەی دەوری بەشێوەیەكی بەردەوام ئەنجام بدرێن.




