پارتی و یهكێتی پێكهوه یادی 1ی شوبات دەکەنەوە

ھەولێرــKDP.infoــ بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە کارەساتی 1ی شوبات دەڵێ، وا بریارە سبەی بە ھەماھەنگیی وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوەکان لەگەڵ مەڵبەندی 3ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادگار (مۆنۆمێنت)ـەکەی شەھیدان یادێک دەکەینەوە، وەک ڕێزگرتن لە شەھیدانی ئەو کارەساتە و گشت شەھیدانی پێشمەرگە و دەستی تیرۆر.
سەرلەبەیانی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی (1/2/2004) دەستێکی تیرۆری دژمنانی کورد بەیەک کات لە بارەگای لقی 2 ی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی 3ی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان خۆیان تەقاندەوە.
سەبارەت بەو یادە (عەلی حوسێن) بەرپرسیی لقی 2ـی پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم کارەساتە مەرگەساتێکی گەورە بوو، لەو ڕۆژە ھەم لە لقی 2ـی پارتی ھەم لە مەڵبەندی 3ـی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان (101) سەرکردە و کادیر و خەڵکی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەری کورد شەھید بوون، کە بۆ سەردانی لقی 2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی 3ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاتبوون بە بۆنەی جەژنی قوربان."
(حوسێن) گوتیشی: "كرده تیرۆریستییهكه، لە ڕاستیدا پەیامێکی دوژمنانی کوردستان بوو لهو کاتەدا كه کورد دەیویست لە عێراقی نوێدا ڕۆڵی ھەبێت و، لە دەستووردا داوای مافەکانی خۆی بکات، دوژمنایەتیی خۆیان و دژایەتیی خۆیان بۆ کوردستان ڕاگەیاند و بەردەوامیی ئەوانیش لەو دژایەتی و دوژمنایەتییە ئەو شەڕەی تیرۆر بوو کە ڕوویان لە کوردستان کردووە، کە ئەمڕۆیش ڕۆژانە شەھید و بریندار ڕووبەروومان دەبێتەوە لە ھەمانکاتیشدا سەرکەوتنەکانی خەڵکی کوردستان دەبینین بەرانبەر تیرۆریستانی داعش لە سەرتاسەری سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە."
وهك (عەلی حوسێن) گوتی: "كه یادی (1ی شوبات) دەکەینەوە، ڕێزگرتنە لەم شەھیدانە، زیاتر لەمە دووپاتکردنەوەیە لە یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان بۆ ڕووبەروبوونەوەی تیرۆر. ئینجا ئێمە وەک پارتی دیموکراتیی کوردستان بۆ ئەوەی جیاوازی نەکەین لە نێوان ئەم شەھیدانە، لەگەڵ مەڵبەندی 3ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوەکان، بەیەکەوە و وامان بە باش زانی سەبارەت بەو شەھیدانە (10) تا (12)ی سبەینێ، لە یادگارەکەی شەھیدان تاجەگوڵینە دابنێن.''
گوتیشی، لەم ڕۆژەدا خەڵکی ھەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، ھەموومان بە یەکەوە ئیرادەمان بەھێزە بەرانبەر تیرۆر و دوژمنان.
12 ساڵ لەمەوبەر، دوو تەقینەوەی خۆكوژی كه هەریەكە لە مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كردبووە ئامانج، 101 كهس شەهید بوون كه زۆرێك لهوان بهرپرس و كهسایهتیی سیاسیی ئهم دوو حزبه بوون.
فایزە پاڵانی




