"پێویستە بەغدا ئەمڕۆ خۆی یەكلا بكاتەوە"

هەولێر-KDP.info- شاندی باڵای حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گەییشتە بەغدا و، ئەندامێكی كوردیش رایگەیاند، ئەو سەردانە زۆر گرینگە و لە جێگەی خۆیەتی، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەرێمی كوردستان و عێراقیش لە قەیرانی دارایی گەورەدان، بۆیە پێویستە هەر دوو لا بگەنە ڕێككەوتن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو كێشانەی هەن، چارەیان بكەن.
(سەرحان محەمەد) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، زۆر گرینگە و لە جێگەی خۆیەتی، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەرێمی كوردستان و عێراقیش لە قەیرانی دارایی گەورەدان، بۆیە پێویستە هەر دوو لا بگەنە ڕێككەوتن بۆ ئەوەی بتوانن كێشەكان چارە بكەن، بۆیە ئەو سەردانەیش بۆ ئەوەیە كە لەگەڵ سەرانی بەغدا گفتوگۆ لەسەر نەوت و بوودجە و موستەحەقاتی هەرێمی كوردستان و هەروەها بوودجەی پێشمەرگە بكەن، ئێستایش شاندەكە گەییشتووەتە بەغدا ئەمڕۆ بە درێژایی رۆژ بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا كۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێگەچارەیەك".
گوتیشی: "هەموو لایەك دەزانن حكوومەتی عێراق ماوەی زیاتر لە 2 ساڵە بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان ڕەوانە ناكات، لەگەڵ ئەوەیشدا یاسا و دەستوور ئاماژە بەوە دەكەن كە پێویستە بەغدا هەموو مافە داراییەكانی هەرێم ڕەوانە بكات، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە حكوومەتی عێراق پابەند نابێت و ڕەوانەی ناكات، ئەگەرنا بە گوێرەی پڕۆژەیاسای 2015 و 2016ـی بوودجە، دەبووایە حكوومەتی عێراق هەموو مانگێك ترلیۆنێك و 200 ملیار دیناری ڕەوانە كردبایە، بۆیە زۆر پێویستە ئەمڕۆ بەغدا خۆی لەگەڵ هەرێمدا یەكلا بكاتەوە كە مافە داراییەكانی هەرێم ڕەوانە دەكات یان نا، چونكە ئەو هەنگاوانەی حكوومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەیاننێت، لە جێگەی خۆیدا نین و دژی یاسا و دەستووری عێراقیشن، بۆیە ئەگەر حكوومەتی عێراق بەڵێنەكانی خۆی بەجێ نەهێنێت، پێویست ناكات شاندی هەرێم چیدیكە سەردانی بەغدا بكات".
رابین شێروانی




