٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری خوێندنی باڵا: زیاتر لە چوار ملیار دۆلارمان لە كەرتی خوێندنی باڵادا خەرج كردووە

سەرچاوە: KDP.info
(د.یووسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

هەولێر-KDP.info-  وه‌زیری خوێندنی باڵاوتوێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریكردنی لە پانێڵێكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بۆ (گفتوگركردن لەبارەی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و ڕێگەكانی چارەسەر) بەڕێوەچوو، رایگەیاند: "لە حەوت ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە چوار ملیار دۆلارمان لە كەرتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان خەرجكردووە، بەڵام ئەو بوودجەیە بەبەراورد لەگەڵ بەرهەمی زانكۆكان وەك پێویست نییە". وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم داوای لە زانكۆ تایبەتییەكانیش كرد، بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییەیی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە ڕەچاوی باری دارایی قوتابیان بكەن و، بەچاوی قازانج و زەرەر مامەڵە لەگەڵ قوتابیاندا نەكەن".


ئەو گوتانەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە میانەی بەشداریكردنی لە پانێڵێكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بۆ (گفتوگركردن لەبارەی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و ڕێگەكانی چارەسەر) بەڕێوە چوو.


(د.یووسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی، رایگەیاند: " پێویستە، قسەكردن و لێكۆڵێنەوە لەسەر كێشە و تەنگژەكانی كۆمەڵگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ببێتە كەلتوورێكی باوی كاری زانكۆكان بۆ ئەوەی بتوانن "لە ئایندەدا زانكۆكان بكەینە سەرچاوەیەك لە سەرچاوەكانی بریاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان".


دەشڵێت: "ئەمڕۆ تەنگژەی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان مەترسیدارترین كێشەیە، كە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ڕووبەرووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە".


(د.یووسف گۆران) باسی لە هەنگاوەكانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و، ڕایگەیاند: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای كابینەی نوێوە هەنگاوی جیددی بۆ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی شێوەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە زۆربەی بوارەكان و بەڕێژەی جیا ناوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بە چەند هەنگاوێك كرد و، گوتی: "شەفافكردنی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گاز و زیادكردن و دابینكردنی بڕی پێویستی داهات لە ئێستادا ئەركی هەنووكەیی حكوومەتی هەرێمە، "هەرچەندە ئێستا ئەركی بەپەلەی حكوومەت دابینكردنی مووچەیە، بەڵام ئەركی سەرەكیی ئەم حكوومەتە گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردن و حوكمڕانی كوردستانە، چونكە ئەو شێوە بەڕێوەبردن و حوكمڕانییەی هەمانبووە و هەمانە، گەر قەیرانی ئێستای داراییش نەبووایە دوای چەند ساڵێكی دیكە ئەو شێوازی بەڕێوەبردنە بەرۆكی هەرێمەكەمانی دەگرت".


راشیگەیاند: "لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە 4 ملیار دۆلار لە كەرتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان خەرج كراوە،‌ بەڵام بە بەراورد بەربەرهەمەكانیان بەشێوەیەكی پێویست نییە. روونیشی كردەوە: "بۆ نمونە ئاستی توێژینەوەكانمان وەك پێویستە نییە، پار بە پێنج مامۆستا یەك توێژینەوەیان كردووە، ژمارەی‌ توێژینەوەكان نەگەیشتۆتە هەزارو پێنچ سەد توێژینەوە، ئەوە لەكاتێكدایە، ئێمە زیاتر لە هەشت هەزار مامۆستامان هەیە،‌ بۆیە، ئەركمانە بزانین چۆن داهات بۆ ئامادەكردنی توێژینەوە ئامادە بكەین و زمانی توێژینەوە بۆ مامۆستاكان دابینبكەین".


روونیشی كردەوە: "داوا لە زانكۆ تایبەتەكان دەكەم بە تایبەتی ئەوانەی لە ساڵی ڕابردوودا دەیان ملیۆن دۆلاریان لە حكوومەتی هەرێم وەرگرتووە، بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییەیی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە داوای، ڕەچاوی باری دارایی قوتابیان بكەن و بەچاوی قازانج و زەرەر مامەڵە لەگەڵ قوتابیاندا نەكەن".

هەواڵی پەیوەندیدار