ئیدریس بارزانی، ئیرادە و ئومێدی رۆژانی سەختی ناو قەیرانەكان

(كازم شانەدەری)، هاوەڵی (بارزانی نەمر) و پێشمەرگەی دێرینی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، لە ساڵیادی كۆچی ناوەختی (ئیدریس بارزانی)ـدا دەڵێ: "لەناو كەسایەتیی (ئیدریس)ـی هەمیشە زیندوودا كۆمەڵێك خەسڵەت پێكەوە كۆ ببوونەوە، پێش هەموو شت خاوەنی ئیرادەیەكی بەهێز بوو، لێبووردە بوو، خەمخۆری خەڵك و پێشمەرگە بوو، لە شۆڕشی ئەیلوولدا لەگەڵ (سەرۆك مەسعوود بارزانی)ـدا پێكەوە كاروباری رۆژانەی شۆڕش و (بارزانی نەمر)ـیان بەڕێوە دەبرد، لە دوای شۆڕشی ئەیلوول قورسایی دووبارە هەڵگیرسانەوەی شۆڕش بە پلەی یەكەم لەسەر شانی (ئیدریس بارزانی) بووە، هەر ئەو بوو مەفرەزەكانی پێشمەرگەی لە شۆڕشی گوڵاندا دەناردەوە بۆ كوردستان و لە ناو ئێرانیشدا بە دەنگ بریندارەكان و خێزان و ماڵ و منداڵی پێشمەرگە دەچوو. (ئیدریس بارزانی) باوەڕێكی گەورەی بە ئامانجی رەوای گەلەكەمان هەبوو، ئەم ئامانجەی بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی نێوان تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستانەوە گرێ دابوو.
گوتیشی: "(ئیدریس) لە بەردەستی (بارزانی نەمر) فێری ئازایەتی و شۆڕشگێڕی و خۆڕاگری ببوو. لە (شێخ ئەحمەدی بارزانی)ـیەوە، فێری ئاكار و لێبووردەیی و پێكەوەژیان ببوو، (ئیدریس) تەنیا برای (سەرۆك بارزانی) نەبوو، بەڵكو هەڤاڵ و هاوخەباتی (سەرۆك بارزانی) بوو، ئەركەكانی لەگەڵدا بەش كردبوو، هەر بۆیە من لە خودای مەزن و دلۆڤان دەپاڕێمەوە گیانی (ئیدریس بارزانی) لە ناوماندا هەر زیندوو بێت، بۆ ئەوەی بە هەمان ئیرادەی (ئیدریس) ئاشتی و برایەتی لە نێوان كوردان درووست ببێتەوە".
ئەگەر لەم وەسفە سادەیەی (كازم شانەدەری)ـیەوە كەسایەتیی (ئیدریس بارزانی) بۆ ئێستامان بخوێنینەوە، دەبینین بەرهەمی هاوكاری و هاوخەباتی نێوان (سەرۆك بارزانی) و (ئیدریس)ـی هەمیشە زیندوو، رۆژانی پێش كۆچی ناوەختیەتی كە توانی بەردی بناغەی بەرەی كوردستانی دابنێت و پرۆسەی ئاشتبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی بگەیەنێتە رێككەوتنێكی گرینگ و هەر ئەم رێككەوتنەیش بووە سەرەتای دامەزراندنی بەرەی كوردستانی، هەر ئەم بەرەی كوردستانییەیش بوو توانی سەركردایەتیی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 بكات و پاشانیش هەر ئەم بەرەیە یاسای ژمارە 1و2ی دەركرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و لەسەر ئاكامی ئەم هەڵبژاردنەیش بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا كورد توانی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێنێت.
پێكەوەگرێدانەوەی ئەم رووداوانە بە ئاشتبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە كۆتایی 1986 و سەرەتای 1987، گەڕانەوەیە بۆ ئەو ساڵانەی كە پێشبینیی هەموو ئەگەرێكی نەخوازراو بۆ كورد و كوردستان دەكرا، ئەوكات هێشتا پرۆسەكانی بەدناوی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و شوێنەكانی دیكەی كوردستان دەستی پێ نەكردبوو، بەڵام هەموو پێشبینییەكان بەو ئاڕاستەیە بوون، كە روژانی دواتر كوردستان رووبەڕووی سەختترین قۆناغ و گەورەترین قەیران دەبێتەوە، لەم خاڵەوە ئەگەر دووبارە فیكری (ئیدریس بارزانی) بخوێنینەوە، هەست دەكەین هەستی بەوە كردبوو، ئەو رۆژە سەخت و قەیراناوییانەی پێشبینی دەكرێت رووبەڕووی كوردستان ببێتەوە، تەنیا بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەتوانرێت تێپەڕێنرێت، لەمەیش زیاتر واقیعبینیی سیاسیی (ئیدریس بارزانی) لەو خاڵەدا دەردەكەوێت كە زۆر باش لەناو ئەو واقیعەدا دەستنیشانی هۆكارەكانی كردووە، ئەویش ئەوەیە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی تەواوی لایەنە سیاسییەكان لە ئاشتبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەست پێدەكات.
بێگومان لەگەڵ ئەوەی تەمەن رێگەی نەدا خۆی بەرەی كوردستانی ببینێت، بەڵام ئەم پێشبینییەی (ئیدریس بارزانی) راست دەرچوو، رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی بووە بەردی بناغەی دامەزراندنی بەرەی كوردستانی، بەرەی كوردستانی لەو رۆژە سەخت و قەیراناوییانەدا بووە جێگەی ئومێدی تەواوی خەڵكی كوردستان، لەمەیش زیاتر بەرەی كوردستانی تەنیا نەبووە هۆكار بۆ یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە شاخ، بەڵكو بووە هەوێنی یەكڕیزی لە ویژدانی هەر تاكێكی كوردستاندا، ئەمەیش لە راپەڕینی 1991 بە كردەیی بەرجەستە بوو.
هەر بۆیە ئەمڕۆ لە كاتێكدا ساڵیادی كۆچی ناوەختی ئەم سەركردەیەی گەلەكەمان دەكەینەوە و لە هەمان كاتدا كوردستان بە قۆناغێكی سەختی سیاسی و قەیرانی ئابووریدا تێدەپەڕێت، جێگەی خۆیەتی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە ئابوورییە و رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان، سوودێكی گەورە لە ئەزموونی (ئیدریس)ـی هەمیشە زیندوو وەربگرین.
هەروەك (موحسین دزەیی)ـیش دەڵێت: "دەبێت هەموومان وەك (ئیدریس)، هاوكاری (سەرۆك بارزانی) بین، بۆ ئەوەی بە هەمان ئیرادەوە، لەناو رۆژانی سەخت و قەیرانەكاندا ئومێد بۆ ئاییندەیەكی گەش دروست بكەین."
دروستكردنی ئەم ئاییندە گەشە بە بڕیاری بوێرانە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیمان و خۆدوورخستنەوە لە دەسكەوت و تێڕوانینی حزبییەوە دەست پێدەكات.
هەموو ئەو خەباتگێڕانەی هاوخەباتی (سەرۆك بارزانی) و (ئیدریس)ـی هەمیشە زیندوو بوون، ددان بەو راستییەدا دەنێن كە دوای كۆچی دوایی (ئیدریس بارزانی)، ئەركی سەرشانی (سەرۆك بارزانی) زۆر قورس بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی دوای كۆچی (ئیدریس بارزانی) بەرەی كوردستانی هاتە دامەزراندن و تێگەیشتنێكی گەورە لە نێوان (سەرۆك مام جەلال) و (سەرۆك بارزانی) لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان هاتە ئاراوە و توانرا لە میانەی بەرەی كوردستانیدا هەنگاوی زۆر گەورە هەڵبگیرێت، لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەت، راستە شەڕی نەخوازراوی ناوخۆ لە نێوان پارتی و یەكێتی بۆ ماوەیەك درووست بووەوە، بەڵام دیسان بە تێگەیشتنی گەورەی نێوان (مام جەلال) و (سەرۆك بارزانی) نەك هەر توانییان شەڕەكە كۆتایی پێ بێنن، بەڵكو گەیشتنە رێككەوتنی ستراتیژی و لە چوارچێوەی ئەم رێككەوتنەشدا توانرا وێڕای گۆڕانكارییە گەورەكان و رووخانی رژێمی پێشووی عێراق و نووسینەوەی دەستوور، دەستكەوتی زۆر گەورە بۆ كوردستان بەدیبێنن. بەڵام لە ئێستادا و جارێكی دیكە بە هۆی نەخۆشكەوتنی (مام جەلال) "خوا شیفای بدات" جارێكی دیكە ئەركی سەرشانی (سەرۆك بارزانی) قورس بووەتەوە و لە رووبەڕووبوونەوەی شەڕی داعش و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری و هەنگاوەكان بۆ سەربەخۆیی كوردستان، (سەرۆك بارزانی) پێویستی بە هاوكاریی هەموو لایەكە بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە سەختەیش بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەكەمان تێپەڕێنین.
(سەرۆك بارزانی) لە سەرەتای ئەمساڵدا، پێشبینیی ئەوەی كردووە كە ئەمساڵ ساڵێكی سەخت و قەیراناوی دەبێت بۆ كوردستان و لە سەروبەندی ئەوەین گۆڕانكاریی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو بدات، بۆیە زۆر بە راشكاوی پەیامی خۆی ئاڕاستەی گەلی كوردستان كردووە و پێی راگەیاندوون، تەنیا رێگەیەك كە دەتوانین لەم گێژاوەدا ئومێد و گەشبینی بۆ ئاییندەی كوردستان دروست بكەینەوە، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە. ئەم ئامانجەی (سەرۆك بارزانی) كە نەخشەڕێگەی بۆ داڕشتووە، پێویستی بەوەیە هەموومان وەك (ئیدریس)ـی هەمیشە زیندوو هاوكاری (سەرۆك بارزانی) بین و هەر تەنیا بەم هاوكاری و پشتگرتنەی (سەرۆك بارزانی) ئەو ئیرادەیە دروست دەبێتەوە كە لەناو گێژاوی رۆژە سەخت و پڕ قەیرانەكاندا، ئومێد و گەشبینی بۆ ئاییندەی كوردستان دابین بكەین، ئەمەیش ئەو ئامانجەیە كە (ئیدریس) لە پێناویدا ژیا و، ئێستایش دەبێت هەموومان درێژەپێدەری بین.




