٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قەیرانی ئابووریی کوردستان لە بەرزترین ئاستی ئەورووپادا وروژێندرا

سەرچاوە: KDP.info
بڕۆكسل-KDP.info- (د. دلاوەر ئاژگەیی) نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی پڕبایەخیان لەگەڵ لایەنەکانی یەکێتیی ئەورووپا ئەنجام داوە و، هەوڵ دەدەن کە پرسی قەیرانی داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان و لە بەرزترین ئاستەکانی دەسەڵات لە یەکێتیی ئەورووپادا تاوتوو بکرێ. هەر لەو بارەیەشەوە بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیمۆكراتی كوردستانی ئاماژەی بە نامەکانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ هەریەک لە سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا و ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کرد و ڕایگەیاند، کە ئەوان بەردەوام دەبن بۆ بەدواداچوون و گەیاندنی داخوازییەکانی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە لایەنە ئەورووپاییەکان. وه‌ك (ئاژگه‌یی) زانیاری دا، كۆی هه‌وڵه‌كانیان بە ئامانجی باسکردنی قەیرانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و داواکاریی هەرێم بۆ هاریکاریکردنی ئابووری و سەربازییه‌، خۆی كه‌ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانه‌ لە یەکێتیی ئەورووپا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی جیاجیای ئەنجام داوه‌ لەگەڵ هەریەک لە (ڕیچارد چارنێسکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەورووپایی لە زۆربەی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی ئەورووپا. کۆبوونەوە لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا (ئاژگه‌یی) كه‌ له‌ دیداره‌كانیدا (زانا كورده‌) هاوڕێیه‌تی كردووه‌، ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی زانیاری دا كه‌، لە دیدارێکدا كه‌ 27/1/2016 لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان (د. دلاوەر ئاژگەیی) باسی لە ڕەوشی نالەباری ئابووریی هەرێم و ئەو قەیرانە داراییە کرد کە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دروست بووە. لەو چوارچێوەیەدا ئاماژە درا بە بارگرانیی لەخۆگرتنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و، هەروەها شەڕی دژی داعش کە پێشمەرگەی کوردستان وەک هێزی چالاک و سەرەکی بە ناوی جیهانی ئازاده‌وە ئەو شەڕە دەکات. لە لای خۆیەوە (ڕیچارد چارنێسکی)، کە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵ سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو، بەڵێنی دا، ئەو پرسە بگەیەنێتە بەرزترین ئاستی ئەورووپا لە کۆمسیۆن و کۆنسەی ئەورووپادا. له‌ 29/1/2016دا، (ڕیچارد چارنێسکی) دوو نامەی جیاوازی بۆ هەریەک لە (ژانکلود یونکەر) سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا و (فێدەریکا مۆگەرینی) بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا نارد. لەو دوو نامەیەدا کە وێنەکانی بۆ نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا نێردراوە، (چارنێسکی) پاش ئاماژەدان بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، ستایشی ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە بواری مرۆیی و گرتنەخۆی 2 ملیۆن ئاوارەی سووریایی و ئاوارەی ناوخۆ. جگە لەوەش ستایشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و ئەو هێزە بە ئازا و خۆڕاگر ناو دەبات. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ڕاشکاوانە داوای هاریکاریی زیاتر دەکات لە هەردوو بواردا بۆ هەرێمی کوردستان و، سەبارەت بە ئاوارەکان دەڵێ ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری زۆر باشی کردووە و پێویستە یەکێتیی ئەورووپا پێزانینی زیاتری هەبێ و هەروەها بە چەشنی دیکەی وڵاتانی ناوچەکە لە لایەن یەکێتیی ئەورووپاوە هاریکاریی ڕاستەوخۆ بکرێ. هەرچی سەبارەت بە پێشمەرگەشە، دەڵێ ''کوردەکان هێڵی بەرگریی یەکەمن لە جەنگی دژی داعشدا، هەربۆیە دەبێ هاریکاریی ڕاستەوخۆیان بکرێ و کۆنسەی ئەورووپا، هاوچەشنی بڕیارە گرینگەکەی ئابی 2014، ئەمجارەش بڕیارێکی گرینگ بۆ بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدانی ڕاستەوخۆی پێشمەرگە بدات.'' کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەورووپایی نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا گوتیشی، بە درێژایی دوو رۆژی ڕابردوو، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆکسل، له‌گه‌ڵ چەند پەرلەمانتارێکی ئەورووپا لە فراکسیۆنە جیاجیاکاندا كۆ بوونه‌وه‌، لەوانە: پەرلەمانتار (باس بێڵدەر) لە فراکسیۆنی پارتە مەسیحییەکان لە پەرلەمانی ئەورووپا پەرلەمانتار (ئەفزەڵ خان) لە فراکسیۆنی سۆسیاڵ دیموکراتەکانی پەرلەمانی ئەورووپا پەرلەمانتار (خاڤێر نارت) لە فراکسیۆنی لیبرالەکانی پەرلەمانی ئەورووپا پەرلەمانتار (چارلس تەنۆک) لە فرکاسیۆنی پارێزگاران و ڕیفۆرمخوازان لە پەرلەمانی ئەورووپا له‌ كۆی ئه‌و دیدارانه‌یشدا، قەیرانی ئابووریی هەرێم و داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان لە یارمەتیدانی ئابووری و سەربازی، تەوەری سەرەکی بوون. وه‌ك (ئاژگه‌یی) رایگه‌یاند، لە تەواوی دیدارەکاندا جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە کە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان شەڕی دژی داعش دەکات و نزیکەی 2 ملیۆن ئاوارەی لەخۆ گرتووە، لێپرسراوێتی دەکه‌وێتە سەرشانی وڵاتانی ئەورووپایش، بۆ ئەوەی هاریکاریی زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن. جگە لەوەش هەر هاریکارییەک بۆ کوردستان لە بەرژەوەندیی خودی ئەورووپایە و ڕێگر دەبێ لە هاتنی پەنابەری زیاتر بۆ ئەورووپا.

هەواڵی پەیوەندیدار