٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە پۆڵۆنیا پلاتفۆرمێک بۆ کۆمەکردنی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم ڕێک دەخرێ

سەرچاوە: KDP.info

پۆڵۆنیا -KDP.info-  نووسینگەی حکوومەتی هەرێم لە وڵاتی پۆڵۆنیا پلاتفۆرمێک ڕێک دەخات بە مەبەستی کۆمەکردنی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم.

لە نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا دیدارێك بە بۆنەی ساڵی نوێ بەڕێوەچوو لەگەڵ ئەو دام و دەزگا و ڕێکخراوانەی کە هاوکاری مرۆیی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. دیدارەکە بە چەند بڕیاڕێکی کۆتایی هات، گرنگترینیان ئەوەیە کە بەیارمەتی نوسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم، هەموو ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیاش پلاتفۆرمێك دروست دەکەن بۆ هەماهەنگی و ڕێکخستنی چالاکییەکان بە مەبەستی زیاتر و باشتر گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان. نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لەو پرسەدا، کە ڕێکخراوەکان لەبارەی بەپەلەترین پێداویستییەکان ئاگادار دەکاتەوە و ئاڵوگۆڕی زانیاری نێوانیان دەکات.

لە دیدارەکە، کە زیاد ڕەئووف نوێنەری حکوومەت سەرۆکایەتی دەکرد، هەریەك لە نوێنەرانی ئەو دەزگا و ڕێکخراوانە ئامادە بوون:
ــ باڵوێز ستانیسلاڤ سمۆلێن Stanisław Smoleń – کارمەندی باڵا لە بەشی ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا.
ــ قەشە ماتیوس بۆگوشێڤسکی Mateusz Boguszewski – بەڕێوەبەری لقی پۆڵۆنیای ڕێکخراوی "هاوکاری کڵێسا بکە لە کاتی پێویستیدا".
ــ قەشە تۆماش یاگێرسکی Tomasz Jagierski – بەرپرسی ڕێکخراوی SOS for Life.
-جادکۆڤیتچ Dziadkowiec – لە ڕێکخراوی SOS for Life.
ــ گژێگۆژ گروچا Grzegorz Gruca – جێگری بەرپرسی ڕێکخراوی "هەڵمەتی پۆڵۆنیای مرۆیی".
ــ ئاننا ڤالچك Anna Walczyk – بەرپرسی ڕێکخراوی ئاننا ڤالچك.
ــ لێشێك داڤید لازۆڤسکی Leszek David Łazowski – بەرپرسی
HRIF – Humanitarian Resources International Foundation.
ــ ئاندژێی ئانتۆن Andrzej Anton – ڕێکخەری کاروباری پەنابەران – خاچی سوور.
ــ مارتا تیتـانـێـچ Marta Titaniec – نوێنەری ڕێکخراوی Caritas.

کۆبوونەوەکە بە وتارێکی زیاد ڕەئوف دەستی پێکرد، کە تیایدا سوپاسی هەموویانی کرد بۆ ئامادەبوونیان. هەروەها سوپاسگوزاری دەربڕی بۆ هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا و دەزگا خێرخوازییەکان بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان لە ساڵی ڕابردوو و هیوای خواست ساڵی 2016 ساڵێکی پڕ بەرهەمتر بێت بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان. دواتر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێڕاق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕوون کردەوە، گرنگرین کێشەکانی بیری ئامادەبووان هێنایەوە، کە هەرێمی کوردستان دووچاری بووە، هەروەها بەپەلەترین پێداویستیە مرۆییەکان: پێویستی ماددەی کلۆر بۆ پاك کردنەوەی ئاو، کەمی داوودەرمان، پرسی دووبارە ئاوەدان کردنەوەی شاری شەنگال.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە ئامانجی سەرەکی دیدارەکە بریتیە لە تاوتوێکردنی پرسی هاریکاری و دیاری کردنی میکانیزمی هاوکارییەکان لەپێناوی کۆمەکیکردنی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش بە پێویستی زانی کە پلاتفۆرمێك دروست بکرێت و ببێتە ناوەندی کۆکردنەوەی پەیوەندی و زانیارییەکان و هەماهەنگی لە نێوانیان بۆ ناردنی یارمەتی بۆ هەرێمی کوردستان.  دووپاتی کردەوە، کە چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارە و پەنابەرانی ئەوڕوپا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە،  لەوانە لە کوردستان.
کلیلی چارەسەرییەکان بریتیە لە دابین کردنی هەلومەرجەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ زێدی خۆیان.

دوای وتارەکەی زیاد ڕەئوف، ستانیسلاڤ سمۆلێن Stanisław Smoleńباڵوێزی پێشووی پۆڵۆنیا لە عێڕاق کە ئێستا کارمەندی بەشی ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا  وتەیەکی پێشکەش کرد، تیایدا دووپاتی کردەوە، کە هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا بۆ هاوکاری کردن بەردەوامە. کوردستانی عێڕاق لە لیستی پێشەوەی ئەو ناوچانەدایە کە یارمەتییان پێشكەش دەکرێت،  پڕۆژەکان لەوێدا پێشبەندییان هەیە لە جێبەجێ کردن. ستانیسلاڤ سمۆلێن بەڵێنی دا کە چالاکییەکانی کۆنسوڵخانەی پۆڵۆنیای لە هەولێر و ئامادەیی سیاسیی پۆڵۆنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبێت.

دوای ئەوە نوێنەرانی دەزگا خێرخوازییەکان وتەی خۆیان پێشکەش کرد، ڕاپۆرتی خۆیان لە بارەی چالاکییەکانی ساڵی 2015 خستەڕوو، زانیاریان دا لەبارەی پلانەکانیان بۆ ساڵی 2016 و بۆچوونیان خستەڕوو لەسەر دامەزراندنی پلاتفۆرمێكی پەیوەندی کە هەموویان کۆبکاتەوە. ئامادەبووانی دیدارەکە کۆك بوون لەسەر ئەوەی کە ڕێکخستنی چالاکییەکان لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێك بەچاودێری نوسینگەی نوێنەرایەتی لە پۆڵۆنیا شتێکی پێویستە، چونکه هەر یەك لەو ڕێکخراوانە ئەزموونی جیایان هەیە لە یارمەتی ناردن بۆ کوردستان.
جگە لەوەی کە هەموو کۆك بوون لەسەر بەستنی پەیوەندی و هاریکاری، نوێنەرانی ڕێکخراوەکان لە دیدارەکەدا کۆمەڵێك لە تێبینی و پێشنیاریان خستە بەردەم نوێنەری حکومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا، بۆ نمونە چالاک کردنی ڕەوەندی کوردی لە ئەوڕوپا ولەوانە لە پۆڵۆنیا بۆ زیادکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ لێقەوماوان لە کوردستان و هەروەها فراوان کردنی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی کردارە خێرخوازییەکان لە میدیاکانی پۆڵۆنیا و کوردستان.

زیاد ڕەئوف سوپاسی تێبینی و پێشنیارەکانی ئامادەبووانی کرد و زۆر بە نرخی زانین و ڕایگەیاند کە ئەو جۆرە دیدارانە لە چوارچێوەی پلاتفۆرمی ڕێکخستنی چالاکییە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی کوردستان بەردەوام دەبێت و ماوە ماوە کۆبوونەوەی فراوان ئەنجام دەدرێت. هەروەها بەڵێنی دا کە زانیاری دەربارەی بەپەلەترین پێویستییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ دەنێرین بۆ هەموو ڕێکخراوەکان.  

هەواڵی پەیوەندیدار