ئاشتی هەورامی دەنگۆیەک ڕەت دەکاتەوە

هەولێر-KDP.info- وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(ئاشتی هەورامی)، ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان گرێبەستی لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکدا نەکردووە، لەسەر بنەمای ئەوەی بێ و بڵێ بە تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.
بەپێی زانیاریی مێدیایی، یەکێک لەو کۆمپانیایانەی بواری نەوت کە لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، ئامادەیی خۆی نیشان داوە، کە ئەگەر بێت و نرخی نەوت زیاتریش داببەزێ ئەوا ئەو کۆمپانیایە دەتوانێ مووچەی فەرمانبەران دابین بکات و، ئێستایش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەوبارەوە گفتوگۆ دەکات.
(ئاشتی هەورامی) تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە وەڵامی ئەو زانیارییەدا پێیڕاگەیاندین، "ئەمە دەنگۆیە و بنەمای نییە، چونکە وەزارەت هیچ گرێبەستێکی پێوەست بەم پرسە لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکدا نەکردووە."




