ئامارێک دەربارەی کوردانی ئێزدی

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، دوای بەدواداچوونیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف، چەندین ئامار و زانیاریی گرینگیان بە شێوەی فەرمی و پشتڕاستكراو بەدەست هێناوە.
(ڤیان عەباس)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتی: "دوای هەوڵی بەردەواممان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری ئێزدیان لە وەزارەتی ئەوقاف، چەندین ئامارمان لەبارەی كوردانی ئێزدییەوە دەست كەوت كە بریتین لە ئاماری 3/ 8/ 2014 تاوەكو ئێستا و، گەیشتین بە كۆمەڵێك ئەنجام، لەوانە ژمارەی ئێزدییەكان لە گشت عێراق نزیكەی 550,000 كەسە وئەوانەی ئاوارە بوونە بە هۆی شەڕی تیرۆریستانەوە، نزیكەی 400,000 ئاوارەن و 1293 كەسیش شەهید بوونە لەگەڵ 5887 كەس كە ڕفێنراون و 3237 ژنن و2650 پیاون، لەو رێژەیەیش 2364ـیان رزگار كراون كە 876ـیان ژن و 318پیاو و 572 كچی بچووك و 598 كوڕی بچووكن، بەمەیش1788 ژن و 1735 پیاو لە دەستی تیرۆریستانی داعشدا ماون و ئەو منداڵانەی بێ دایك و باوكیشن، 1103 منداڵن" .
(ڤیان) زیاتر گوتی: " لە شنگال تا ئێستا 22 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە و 42 گۆڕستانی ئایینی و شوێنی پیرۆزی ئێزدییەكان لەلایەن داعشەوە تەقێنراونەتەوە، ژمارەی ئەو خێزانەی لە شنگال و چیای شنگالیش دەژین، نزیكەی 5 هەزار خێزانن".
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی زەرد هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە، لە رۆژی 3/ 8/ 2014ـوە ژمارەی كۆچبەرانی ئێزدی گەیشتووەتە 70,000 كەس و رۆژانەش 300 بۆ 400 كەسی تر هەوڵی كۆچكردن دەدەن، بۆیە هەر لە 1/ 9/ 2015 تا ئێستا 19 بەلەم نقومی دەریا بوون و بە هۆیەوە 198كەس خنكاون و 370 كەسی ئێزدیش بێسەروشوێنن.
نەشوان بەرزنجی




