وردەکاریی پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی پێداچوونەوەی ئیداری و دارایی لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیاری پاشەکەوتکردنی مووچە پێشمەرگە ناگرێتەوە و، ئەوانەی دیکەی سلکی سەربازیش بە ڕێژەیکی زۆر کەم دەبێت و، فەرمانبەرانیش ئەوانەی مووچەیان کەمە، نایانگرێتەوە و، زیاتر پارەی ئەوانە پاشەکەوت دەکرێت کە مووچەیان زۆرە و، لە سەرووی یەک ملیۆن دینارە.
ئەندامی لیژنەی پێداچوونەوەی ئیداری و، دارایی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان (د. ئاراس خۆشناو) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەنیازە بە شێوەیەکی کاتی مووچەی فەرمانبەران پاشەکەوت بکات ئەمەش دابەش کراوە بەسەر سێ جۆر، لەوانە فەرمانبەرانی شارستانی کە ڕێژەیان ٥٢% کۆی فەرمانبەرانە و، ئەوانەی دیکەش کە لە سلکی سەربازیدان کە ڕێژەیان ٤٨% دەبێت لە کۆی ئەو ٧٥٠ھەزار فەرمانبەرەی ھەیە و، جگە لەو ٣٠ھەزار فەرمانبەرەی گرێبەستن، بۆیە ئەولەویەت بۆ ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و ئەوانەی سلکی سەربازین پاشکەوتکردن لە مووچەی ئەوان کەمتر دەبێت، کەواتە ئەوانەی پێشمەرگە کە ھیچیان لێ پاشەکەوت ناکرێت و، ئەوانەی دیکەی سەربازی ڕێژەیەکی زۆر کەم دەبێت.
(د. ئاراس خۆشناو) گوتیشی، ئەوانەی فەرمانبەری شارستانین کە لە پلە١٠ بۆ پلەتایبەتی ئەلف و با ھەیە، بۆیە چەند پێشنیارێک ھەیە کە لە٥٠٠ ھەزار یاخود ٤٠٠ھەزار یاخود ٣٠٠ھەزار لەمانە یەکێک دیاری بکرێت کە لەو ڕێژەیە کەمتر مووچەکەی پاشەکەوت نەکرێت، ئەوکات ھەر پلەیەک بە ڕێژەیەک مووچەکەی پاشەکەوت دەکرێت کە لە ٢٠%ـەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە ڕێژەی ٧٥% کە وەزیرەکانە، کە تەنیا ٢٥%ـی مووچەیان پێ دەدرێت و، ئەوەی دیکەیان بۆ پاشەکەوت دەکرێت، بەڵام ئەوانەی مووچەیان لە ملیۆنێک کەمترە کەمتریان پارە بۆ پاشەکەوت دەکرێت.
ھەروەھا گوتی، ئێستا داھاتی ھەرێمی کوردستان٤٥٠بۆ٥٠٠ملیاردینارە بەوشێوەیە دەتواندرێت مووچەی پێ دابەش بکرێت، بۆیە لەگەڵ زیادبوونی داھات بری پاشەکەوت کەمتر دەکرێت و مووچەکە زیاتر دەبێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پێداچوونەوەی ئیداری و دارایی ڕوونیشی کردەوە، پەرلەمانتارانیش یەک لەسەر چواری مووچەکەیان پێ دەدرێت و ھەموو کارێک بۆ دابەشکردنی مووچە بەو شێوەیە ئامادە کراوە و، ئەمانە ھەمووی پێشنیازن و لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری لەسەر دەدرێت.
ڕوونیشی کردەوە، لە ڕووی زانستیەوە کار لەسەر ئەو پرسە کراوە وخەڵک و بازاڕ و بژێوی ژیان لەبەرچاو گیراوە و ئەمەش پاشەکەوتی کاتیە نەک بۆ ھەمیشەیە.
بڵند ئیبراھیم




