حکوومەتی هەرێم، سیستەمی کارگێڕی و دارایی ڕێک دەخاتەوە

هەولێر -KDP.info- مامۆستای زانکۆ و دکتۆرای کارگێڕیی دارایی، ئاشکرای کرد، ئەوەی ئێستا حکوومەت دەیکات دانانەوەی سیستەمی کارگێڕی و داراییە لە ھەرێمی کوردستان، ھەم لە ڕووی زانستی و ھەمیش لە ڕووی شەفافیەتەوە؛ جەختیشی کردەوە، دەرئەنجامەکانی قۆناغی یەکەم تا شەش مانگی دی بە ڕوونی لە کوردستاندا دیاری دەدات.
(د. ئاراس خۆشناو) دکتۆرا لە کارگێری دارایی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی ئێستا حکوومەت دەیکات ڕێچکەی زانستی و کرداریە لە بواری چاکسازیکردندا، چونکە کار دەکات بۆ شەفاکردنی داھاتەکان، لەوانە داھاتی نەوت داھاتی دیکەیش، کە چەند لیژنەی جیاواز و کۆمپانیایەکی تەدقیقی جیهانی لەگەڵدایە کە ئەمە دەمێک بوو داوا دەکرا و لە ڕووی شەفافیەتەوە زۆر باشە و، حکوومەت یەکەمجارە ئەو کارە دەکات و، ئەوەی دیکەش خەرجی کەم دەکرێتەوە کە زیادەن و داھاتەکان زیاد بکەن؛ ئەمە بە دیراسەتکردنە و لە پاڵ ئەمەش چاکسازیکردنە لە سیستەمی کارگێڕی و دارایی و شێوازی بەڕێوەبردنی دەزگاکانی حکوومەت، جا ئەوەی ئێستا حکوومەت دەیکات کارێکی دروستە و، دووبارە دانانەوەی سیستەمی کارگێڕی و دارایییە لە ھەرێمی کوردستاندا."
(د. ئاراس خۆشناو) گوتیشی، لە دەستپێکی جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە ھەندێک دەرئەنجام بەدەر دەکەوێت و، تا شەش مانگی دیکەش بە ڕوونی بەشی یەکەم بەدەر دەکەوێت، کە قۆناغی یەکەمە و حکوومەت ناوی لێ ناوە ھەنووکەیی؛ خۆی دابەش کراوە بەسەر چەند قۆناغێکدا، ھەندێک ھەنووکەیی و خێرا و، ھەندێکیش مامناوەندی و، ھەندێکیش درێژخایەنە؛ بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ھەم بنەمای شەفافیەت و ھەمیش بنەمای زانستی و بنەمای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و چاکسازییەکانی گشتییشی تێدا ڕەچاو بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




