نێچیرڤان بارزانی: بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قه‌یرانى داراییدا، سیاسەتی فریاگوزاریی تەقەشوف جێبەجێ ده‌كه‌ین

هه‌ولێر-KDP.info- (نێچیرڤان بارزانی) پابەندبوونی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانی بۆ بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی دارایی و ئابووری بەتایبەتیش مۆدێرنکردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ئه‌و كه‌رته بۆ هاووڵاتییان پیشان دا كە خۆی لە داڕشتنەوەی په‌یكه‌رى بانکە حکوومییەکان، نوێگه‌رى له کەرتی داراییدا، بەگەڕخستنی ئابووری و دەستەبەرکردنی پشتیوانیی پێویست بۆ کەرتی تایبەت دەبینێتەوە ئەمە جیا لە پابەندی حكوومەت بۆ بەهێزکردنی چوارچێوەیەکی بەرپرس و شەفاف لە حکوومەتی هەرێمى كوردستاندا.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 27 - 1 - 2016 بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی ئیداری و سیاسیی هەرێمی كوردستان و پسپۆڕانی ناوخۆ و بیانی بواری ئابووری و دارایی و دیپلۆماتكاران و نوێنەرانی وڵاتان لە هەولێر، لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی پلانی چاكسازی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا وێڕابی بەخێرهێنانی میوانان و بەشدارانی ڕێوڕەسمەكە، باسی لە نیگەرانییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە قەیرانی دارایی كرد و دووپاتی كردەوە ئەرکی حکوومەتى هه‌رێمى كوردستان بۆ ساڵانی داهاتوو ئەوەیە خەڵكی كوردستان دڵنیا بكاتەوە سیستەمی ئابووریی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌موو هاووڵاتیان دەبێت و ستراتیژیەکەیان لاوازیی کۆمەڵایەتی چارەسەر دەکات و پارێزگاری و دڵنیایی دابین دەکات، لاوان بتوانن دەرفەتى ڕاسته‌قینه به‌ده‌ست بهێنن، سەقامگیریی دارایی پتەو و بەهێز بێت، سەرچاوە سروشتییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزرێن.
بەڕێزیان هەروەها باسی لە هۆكارەكانی دروستبوونی قەیرانی دارایی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە ساڵی ڕابردوو بۆ ئابووریی کوردستان، پێشبینینەکراو و سەخت و دژوار بوو كه خۆکۆکردنەوەیەکی بەپەلەیان پێویست بوو، بەڵام له‌به‌ر زۆر هۆكارى جیا، کارەکان بە هێواشی ئەنجام دران و هۆكارەكانیشی بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە دەرووبەری (110) دۆلاره‌وە بۆ خوار (30) دۆلار، بڕینی بودجه‌ى هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی عیراقه‌وه لە سه‌ره‌تاى ساڵی 2014، شه‌ڕى داسه‌پاوى داعش به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا و پێشوازیكردن و داڵده‌دانى نزیكه‌ى ملیۆنێك و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر له هه‌رێمى كوردستان، گەڕاندەوە كە کاریگەرییەکی خراپى لەسەر دۆخى دارایی، گەشەی ئابووریی، داهات، بارودۆخی دراو و دۆخى كۆمه‌ڵایه‌تی هەرێمی كوردستان هه‌بوو.
دەربارەی ئەو بەرنامەیەی کە وەزارەتی دارایی و ئابووری پلانی بۆ داناوە و جێبەجێی دەکات، جەختی لەوە كردەوە كە ده‌بێ ئەو بەرنامەیە کاریگەریی ڕاستەقینە و ڕاسته‌وخۆى بەسەر هەموو هاووڵاتییەکی کوردستانەوە هەبێت.
هەروەها باسی لەوەش كرد كە هەر لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە پشتیوانیی وەزارەت و به‌ڕێز ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورییان كردووە بۆ جێبەجێکردنی چه‌ند پلان و بەرنامه‌یه‌ك له‌پێناو پتەوکردنی دەزگایەکی بەرپرس لە بەڕێوەبردنی دارایی و ئابووری لە هەرێمى كوردستان و ئێستاش ئەو نەخشەڕێگایە ڕادەگەیەنن بە مەبەستی گواستنه‌وه‌ى وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ئاستێکی جیهانی لە بەڕێوەبردنی داراییدا بە شێوەیەك بتوانێت ئەرکی بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووری و گەشەکردنی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان، به باشترین شێوه جێبه‌جێ بكات.
لەم نێوەندەشدا سوپاسی (ڕێباز حەملان) وەزیری دارایی و ئابوورى و ستافی وەزارەت و (جیهاد ئه‌زعوور) وه‌زیرى پێشووترى داراییى لوبنان و تیمه‌كه‌ى كرد كە ماوه‌ى زیاتر له ساڵێكه هاوكارییان ده‌كه‌ن بۆ دانانى پلانى چاكسازى و مۆدێرنكردنى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و ئەم ستراتیژه‌ى كه ئه‌مڕۆ ڕاگەیەنرا.
(نێچیرڤان بارزانی) پابەندبوونی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانی بۆ بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی دارایی و ئابووری بەتایبەتیش مۆدێرنکردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ئه‌و كه‌رته بۆ هاووڵاتییان پیشان دا كە خۆی لە داڕشتنەوەی په‌یكه‌رى بانکە حکوومییەکان، نوێگه‌رى له کەرتی داراییدا، بەگەڕخستنی ئابووری و دەستەبەرکردنی پشتیوانیی پێویست بۆ کەرتی تایبەت دەبینێتەوە ئەمە جیا لە پابەندی حكوومەت بۆ بەهێزکردنی چوارچێوەیەکی بەرپرس و شەفاف لە حکوومەتی هەرێمى كوردستاندا.
هەروەك ئاشكرای كرد كە گەیشتن بەم ئامانجانە ده‌بێته هۆى دڵنیابوون لە پتەوی و خۆڕاگریی داراییی حکوومەت و هاوکار دەبێت بۆ گەیشتن بە ئابوورییەکی سەردەمیانه لە کوردستاندا، هه‌روه‌ها ژینگەیەکی گونجاویش بۆ پێشبڕکێی کار و سەرمایەگوزاریی دەڕەخسێنێ و وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێتە نموونەیەک بۆ چاکسازیی دامودەزگایی و گۆڕانکاری لە هەموو هەرێمی کوردستاندا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سه‌رۆكوه‌زیران باسی لەو دەستکەوتانە كرد کە لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا بەدەست هێنراون و ئاماژەی بەوە دا كە ئابووریی کوردستان لە ساڵی 2004ەوە زۆر بە باشی گەشەی کردووە و حکوومەت هەنگاوی لەبواری ئاسانكاری بۆ دەرفەتە ئابوورییەکان ناوە و لە نێوان ساڵانی 2006 -2013شدا، بە بڕی زیاتر لە (30) ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری لە هەرێمى كوردستان کراوە، لەوەش بڕى (5) ملیار دۆلار سەرمایەگوزاریی بیانی بووە و هەموو نیشانە کۆمەڵایەتییەکان لە (10) ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو بەرەو باشی چوون. هەروەك نیگەرانیی خۆی بۆ ئەو دەرفەتانه‌ش دەربڕی كه لە دەست چوون و بە پێویستی زانی به هەڵه‌كان و ئه‌و چاکسازییانه‌شدا بچنه‌وه کە نەیانتوانى لە کاتی خۆیاندا ئەنجامی بدەن.
جەختی لەوەش كردەوە كە لە ڕێگای بەدیهێنانی دەستکەوتەکانەوە بۆ خەڵکی كوردستان، پلان بۆ ئایندە دادەنێن و له ڕێگه‌ى ڕووبەڕووبوونەوەی كێشه و گرفته‌كانى ئێستا، پابەند دەبن بە مۆدێرنکردنی دامودەزگا حکوومییەکان، چاکسازی لە ئابووری و بەهێزکردن و تۆكمه‌كردنی بنیاتی بەرپرسیاریه‌تیدا. بۆیە لەگەڵ هاوبەشە سەرەکییەکان لە حکوومەت و خاوەنکارەکان، كۆمه‌ڵه و سه‌ندیكا و یەکێتییەکان و ئەکادیمییەکان کار دەکەن، تاكو لە چاکسازیی تازه‌دا بەشدار بن.
ئاشكراشی كرد كە ساڵی 2016 دەبێتە ساڵی چاکسازی و نوێگەری لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا و، لەم چوارچێوەیەشدا ئەو سیاسەتانە دادەڕێژن کە ئامانجیان کەمکردنەوەی هەژاری و بەهێزکردنی کەرتە بەرهەمدارەکانن و کارنامەی گەشەکردنیش بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست ده‌كەن.
سه‌باره‌ت به دۆخى ئه‌مڕۆ و مامه‌ڵه‌كردنى هه‌نووكه‌ییش له‌گه‌ڵ قه‌یرانى داراییدا، (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، كە سیاسەتی فریاگوزاریی تەقەشوفی دارایی جێبەجێ ده‌كەن، لەو چوارچێوەیەشدا فەرمانبەرانی حکوومەت کەمتر لە مووچەی تەواوی خۆیان پارە وەردەگرن و ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش كه له مووچه‌كه‌یان پاشه‌كه‌وت ده‌كرێت، وه‌ك قه‌رز لاى حكوومه‌ت ده‌بێت تا له كاتێكى داهاتوودا بۆیان ده‌گێڕدرێته‌وه. هەروەك ئاشكرایكرد کە ته‌قه‌شوف بە هیچ شێوه‌یه‌ك چاکسازیی ئابووری نییه، به‌ڵكوو له‌م قۆناغه‌دا ڕێكارێكه بۆ هاوسه‌نگكردنى داهات و خه‌رجییه‌كان.
ئەوەشی دووپات كردوە كە دەبێ نەک تەنیا ئەو ستراتیژانە بگۆڕن کە پەیوەندییان بە تاکەوە هەیە، بەڵکو دەبێ ئەو گۆڕانکارییانە ببەنە هەموو شێوازەکانی کاری حکوومەته‌وه و ئەوان پشتیان بە سەرکەوتنی بەرنامەی چاکسازی بەستووە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کە مژدەی سەردەمێکی نوێ دەدات و دەبێتە دەرفەتێکیش بۆ یەکخستنی هەموو لایەنەكانی كوردستان لە چواردەوری ئامانجێکی هاوبەش، کە ئایندەیەکی خۆشگوزەران و ڕووناک بۆ هەرێم بەدی دەهێنێت.
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا (نێچیرڤان بارزانی) باسی لەوە كرد كە پێشمەرگەی كوردستان بەرگری لەو بەهایانە دەکات کە به لاى هاوبەشەکانی هەرێمەوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگن و لەو پێناوەشدا گیان و خوێن و سەرچاوەی داراییی گەورە بەخشراوە و هاوكاریى نزیكه‌ى ملیۆنێك و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاواره و پەنابەر دەکەن، به‌ڵام حکوومەتی عیراق بە کەمترین ئاستی دارایی بەشداریی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زۆر لە هاوبەشەکانی هەرێمی كوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕەتی دەکەنەوە ڕاستەوخۆ ته‌نانه‌ت ناڕاسته‌وخۆش پشتیوانی لە هەرێم بکەن و هاوكاریى پێشمه‌رگه بكه‌ن، ئه‌مه‌ش هێنده‌ى مه‌ترسیى داعش ترسناكه.
لەمبارەیەشەوە داوای لە ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌مانان كرد به شێوه‌یه‌كى كاراتر و ڕاسته‌وخۆ هاوكاریى داراییى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه بكه‌ن و خه‌ڵكى كوردستان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانیش ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌یان له دۆستان و هاوپه‌یمانان هه‌یه.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە کاتەکە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆر سەختە، به‌ڵام پێشبینی كرد كە دەگەنە لوتكه‌ى ئامانج، داعش تێک دەشکێنن، پیشەسازیی نوێ بنیات دەنێن، لەوانەش ناردنەدەرەوەی غاز بۆ وڵاتانی جیهان. کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر، یەکگرتوو، خۆشگوزەران بنیات دەنێن و لەم کاتی تەقەشوفەشدا ئەوانەی زیاتر توانایان هەیە، ئەرکیان دەکەوێتە سەرشان و دەبێ لەم کاتە سەختەدا هەمووان پێکەوە بن. هەروەها دووپاتی كردەوە كە ڕۆژێک دێت هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ و داوای كرد كە خۆڕاگر بن و بە یەکگرتوویی بمێنینەوە، وەک تیمێک پێکەوە کار بکەن بۆ بە دیهێنانی خەونەكان.
له كۆتایی وتەكەیدا سەرۆكوەزیران هه‌موو لایه‌كی دڵنیا كردەوە كه ئەم چاکسازییە لە بەرژەوەندیی هەموواندایە لە سەروو هەمووانەوە نەوەی نوێ. باوەڕی خۆشی پیشان دا ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ لەسەر ئەم پرسانە دەیدەن، لە چەند ساڵی کەمی داهاتوودا کاتێک منداڵەکان گەورە بوون، یاخود هێشتا گەورە نەبوون، ده‌بنه هۆى ئه‌وه‌ى كه ئه‌وان ده‌رفه‌تى ڕاسته‌قینه‌ى ژیان له وڵات بدۆزنه‌وه و نه‌وه‌ى نوێ ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ى له‌وان هه‌یه و ئەوانیش بێ ئومێدیان ناكەن.




