٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"قەیرانی دارایی کاتییە و چارە دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی زاخۆ رایگەیاند، بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە و شەڕی داسەپاوی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، كە لە ماوەی ١٢ ساڵی رابردوودا نرخی نەوت بەو شێوەیە دانەبەزیوە، هۆكار بوونە بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی؛ جا پێویستە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دان بە خۆدا بگرن، ڕاستە خەڵكی كوردستان تووشی ڕەوشێكی ناخۆش بوونە، بەڵام ئەو قەیرانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەیە كاتییە و لە ماوەیەكی نزیكدا بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەرباز دەبێت.

(د. عەبدولوەهاب خالید) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "هۆكاری سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان چەند شتێکە؛ كە یەكێك لەو هۆكارانە هاتنی داعشە بۆ چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان كە زیاتر لە هەزاروپەنجا كیلۆمەتر هێزی پێشمەرگە بەرگری لە خاكی كوردستان دەكات، هۆكارێكی دیكە بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، ئەوەی سێیەمیان دابەزینی نرخی نەوتە، كە لە ماوەی ١٢ ساڵی رابردوودا نرخی نەوت بەو شێوەیە دانەبەزیوە، جا پێویستە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دان بە خۆدا بگرن، ڕاستە خەڵكی كوردستان توشی ڕەوشێكی ناخۆش بووە، بەڵام ئەو قەیرانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەیە كاتیە و لە ماوەیەكی نزیكدا بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەرباز دەبێت، هەروەها پێویستە لایەنە سیاسییەكان خۆیان بكەنە یەك و قەیرانی دارایی لەسەر یەكدی نەكەنە موزایەدەی سیاسیی، چونكە ئەو قەیرانەی ئەمڕۆ بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە لە زۆر وڵاتانی جیهانیش هەمان قەیران دروست بووە، بۆیە پێویستە لایەنەكان خۆیان بكەنە یەك تا خەڵكی خەرێمی كوردستان لەو ڕەوشە ناخۆشە دەرباز بێت، هەروەها لەگەڵ ئەوەیش ئەركی حكوومەتی هەرێمە لە سەرچاوەی دارایی دیكە بگەڕێت، تەنیا پشت نەبەسێت بە نەوت، بەڵكو كار بكات بۆ بووژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ، كەرتی پیشەسازی، لەگەڵ چەندین كەرتی دیكە، بۆ ئەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان ڕێك بخاتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئەو بابەتە بە هەڵاوێسی نەمێنێتەوە، بەڵكو نەخشە ڕێگایەك هەبێت و حكوومەتی هەرێم هەموو ئەو هەنگاوانەی دەنێت بۆ خەڵك ڕوون بكاتەوە و خەڵكی كوردستان ببێت بە بەشێك لەو پلانانەی حكوومەتی هەرێم دەیكات.
گوتیشی: "هێشتا هیوای چارەسەر هەیە، ئەگەر پشتگیری هاووڵاتیان هەبێت، بەڵام كێشەی ئەو میللەتە ئەوەیە كە لایەنە سیاسییەكان هەوڵی ئەوە دەدەن حكوومەت سەر نەكەوێت لە هیچ بڕیارێكی گرنگ و پێویست، چونكە خۆیان بە بەشێك لە حكوومەت و بەشێك لە چارەسەر دانانێن، ئەو لایەنە سیاسیانە تەنیا رۆڵیان هاندانی فەرمانبەرانە بۆ قوڵتركردنی برینەكان، ئەگەرنا كوا بەرنامەی چاكسازی و چارەسەركردنیان."


ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار