بازرگان: لە كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكدا، جەخت لە ئەنجامدانی ریفراندۆم كرایەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی پارتیی چاكسازی و پێشكەوتووی توركمانی دەڵێت، لە كۆبووەكەی پارتییە سیاسییەكان لەگەڵ (سەرۆك بارزانی)ـدا، جەخت لەوە كرایەوە كە لە ئەمساڵدا دەبێ ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و، حەفتەی داهاتوویش كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجام دەدرێت.
(عەبدولقادر بارزگان) كە بەشداری كۆبوونەوەكەی لایەنەكان لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا كە دوێنێ لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) ئەنجام درا، لەگەڵ ئەوەی باس لە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم و چاكسازییەكانی حكوومەت كرا كە دەبێت بەردەوام بێت و ئەو قەیرانە داراییەی كە تووشی هەرێمی كوردستان هاتووە خرایە بەر باس، هەروەها جەختیش لە پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم كرایەوە و سەرۆكی هەرێم ئەئكیدی كردەوە كە دەبێت لە ماوەی ئەمساڵدا ئەو ریفراندۆمە ئەنجام بدرێت، ئێمەیش لەگەڵ ئەوەدا بووین كە ئەم پرسە تا كۆتایی ساڵی 2016 یەكلا ببێتەوە، چونكە سیستەمی سیاسی لە كۆتایی ساڵی 2016 لە ئەمەریكایش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بۆیە ئێمەیش دەبێت پێش ئەوەی داعش بەكۆتا بێت، بتوانین ریفراندۆم ئەنجام بدەین و سنوورەكانمان دیاری بكەین لە ناوچە كوردستانییەكانیش لە سنووری ماددەی 140 دوای وەدەرنانی تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە."
(بارزگان) ڕاشیگەیاند: "ئەو كارە بە رێگایەكی یاسایی دەبێت لە رێگای پەرلەمانی كوردستانەوە كە دەبێت كارا بكرێتەوە و گۆڕانكاریی تەواو لە سەرۆكایەتیی پەڕلەماندا بكرێت، هەروەها ئەو دەستەیەی كە دامەزراوە و پێك هاتووە لە سێ كەس لە پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو، پێویستە لە ماوەی یەك حەفتەدا ئەو ئیشوكارانەی پێیان راسپێردراوە، ئەنجامی بدەن و لە رۆژی 6ـی شوبات جارێكی دیكە كۆبوونەوەیەكی تری لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ ئەو سێ لایەنەدا ئەنجام دەدرێت، تا بزانین توانیویانە پەرلەمان كارا بكەنەوە و ئینجا دەست بكەین بە چۆنیەتیی هەنگاونان بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان."
دوێنێ سێشەممە 26ـی 1ـی 2016، لە سەڵاحەددین سەرۆك و سكرتێر و نوێنەری پارتییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوون لەسەر پرسە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان و، گەییشتن بە كۆدەنگی و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ گرفتەكان، لەگەڵ (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا كۆ بوونەوە كە ماوەی زیاتر لە 6 سەعاتی خایاند.
نەشوان بەرزنجی




