ئەفەندی: دووكەڵەكەی باشیك، ماددەی كیمیاوی نەبووە

باشیك-KDP.info- بەرپرسی میحوەری باشیكی هێزەكانی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، ئەو دووكەڵەی لە دوای تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی تیرۆریستانی داعش بڵاو بووەوە، دوای پشكنین دەكەوت كە ماددەی كیمیاوی نەبووە .
(حەمید ئەفەندی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "تیرۆریستانی داعش لە میحوەری باشیك ئۆتۆمبێلێكیان بەرەو سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە هێنا، بەڵام لەلایەن تانكەكانمانەوە هەر زوو لێی درا و تەقێنرایەوە، دوای تەقاندنەوەیشی دووكەڵێكی زۆری لێ بڵند بوو كە بۆنێكی زۆر ناخۆشی هەبوو و گومانمان كرد كە ماددەی كیمیاوی بێت".
(ئەفەندی) دەیشڵێت: "دواتر لەلایەن تیمی پسپۆڕ و پزیشكەكانمانەوە پشكنین بۆ ماددەكە كرا لەو شوێنە و، دەرچوو كیمیاوی نییە و بە زیانیشیان نەزانی و هیچ زیانێكیشی بە هێزەكانی پێشمەرگە نەگەیاندووە، هەر چەند دووكەڵەكە زۆر بوو و بۆنەكەیشی زۆر ناخۆش بوو" .
بەرپرسی میحوەری باشیكی هێزەكانی پێشمەرگە ئەوەیشی گوت كە، ئەمە دووەم جارە تیرۆریستانی داعش ئەو كارە لە میحوەرەكە ئەنجام دەدەن و، هەر كاتێك دەركەوت ماددەی كیمیاوییان بەكار هێناوە، ئەوكات بۆ پاراستنی سەلامەتیی پێشمەرگە قارەمانەكانمان داوای پێداویستی و كەلوپەلی پێویست بۆ ئەو ماددەیە لە هاوپەیمانان دەكەین ."
نەشوان بەرزنجی




