فابیۆس: پەیەدە بۆ دانوستانەکانی ژنێف داوەت نەکراوە

پاریس-KDP.info- وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا(لۆران فابیۆس)، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، نێردەی نەتەوە یەککگرتووەکان لە سووریا(ستاففان دی مستوورا) پێیڕاگەیاندووە، پەیەدەی بۆ دانوستانەکانی ژنێف داوەت نەکردووە و، هەر ئەو دەستەیە بەشداری دەکەن کە لە دانوستانەکانی ڕیازدا پێکهێندراوە.
(فابیۆس) بە ڕادیۆی "فڕانس کولتوور" ڕاگەیاندووە، "بەڕێز (دی مستوورا) داوەتنامەکانی ناردوون.. پارتی یەکێتیی دیمۆکرات(پەیەدە) سەرچاوەی زۆرترین کێشەکانە، هەر بۆیە (دی مستوورا) پێیڕاگەیاندم کە داوەتنامەیان بۆ نانێرێ."
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا هەروە دەڵێ، (دی مستوورا) هاوکات جەختی کردووەتەوە لەوەی، ئەو دەستەیەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ڕیازی پایتەختی سعوودیا پێکهێنراوە، دانوستانەکان بەڕێوە دەبا.
(فابیۆس) گوتیشی، لەگەڵ گوتەبێژی ئۆپۆزسیۆنی سووریا(ڕیاز حیجاب)ـدا قسەی کردووە و پێیڕاگەیاندووە، "ئەم بەیانییە وەڵامی (دی مستوورا) و ئەمینداری نەتەوە یەکگرتووەکان(بان کی موون) دەداتەوە. لە هەڵوێستیان تێدەگەم. ئەوان دەڵێن بەڵی بۆ دانوستان.. لە هەمانکاتدا وردەکارییان لەبارەی بەشداربووان و ئەوەیشەوە دەوێ کە لە ڕووی مرۆییەوە چ دەگوزەرێ و، دەربارەی چییش دەدوێین."




