داوودئۆغڵو: بە بێ كورد، كێشەی سووریا چارە ناكرێت

ئانكارا-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغلو) ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی جنێفدا بە بێ كورد هیچ شتێك ناكرێت و، چارەكردنی كێشەی سووریایش بە بێ كورد مەحاڵە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك یەپەگە نابێت بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا بكات.
(داوودئۆغلو) باوەڕی وایە كە، كێشەی سووریا بە بێ بوونی كورد چارە ناكرێت، بەڵام ناكرێت یەپەگە ببێتە نوێنەری كورد لە سووریا، چونكە ئەوان بە هیچ شێوەیەك نوێنەری كورد نین.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئەمەریكا بە ئاشكرا گوتوویەتی یەپەگە تیرۆریست نییە و ئەی چۆن ئێوە دەتوانن لەگەڵ ئەمەریكادا دۆست بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش؟ ئەو لە دیمانەیەكیدا بۆ تەلەڤزیۆنی "سی ئێن ئێن ئینتەرناشناڵ"، گوتی: "یەكێتیی ئەورووپا بە فەرمی یەپەگەی پێ تیرۆریستە، ئەمەریكایش ئێستا ئیشی بە یەپەگەیە، بۆیە وا دەڵێت، لێ لە داهاتوودا ئەو راستییەی بۆ دەردەكەوێت كە یەپەگە و پەكەكە هیچ جیاوازییەكیان نییە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەیشی ئایا بۆ توركیا پەكەكە ترسناكترە، یاخود گرووپی تیرۆریستیی داعش؟ ئەو گوتی: "بە لای ئێمەوە ئەو دوو گرووپە هەردووكیان تیرۆریستن و بە هیچ شێوەیەك جیاكارییان لە نێواندا ناكەین".
(ئۆغلو) باسی لەوەیش كرد كە، ئەوان وەكو دەوڵەتی توركیا بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پەكەكە دانانیشن بۆ پرسی چارەسەری.
هەفتەی ڕابرد، لە كاتی سەردانیكردنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا (جۆو بایدن) بۆ توركیا، بە ئاشكرا گوتی، پێویستە توركیا جیاكاری لە نێوان پەكەكە و یەپەگەدا بكات.
كارزان گلی




