٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بۆ میدیاكان: ئەگەر ناتوانن خزمەت بە پێشمەرگە بکەن، دژایه‌تیشى مه‌كه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی پێشمەرگە، ڕاپۆرتەكەی ئەمڕۆی رۆژنامەی (ئاوێنە) ڕەت دەکاتەوە كە دەربارەی پێشمەرگەی كوردستانە و، ڕایدەگەیەنێ، "ئێمە وای دەبینین کە دەستێك لە پشت ئەم جۆرە هەواڵانەوە هەبێت بۆ مەبەستی ورووژاندنی هەست و سۆزی پێشمەرگە".

(هەڵگورد حیكمەت) بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەداخەوە ئەم جۆرە هەڵوێستانە لە میدیای كوردیدا كارێكی باش نییە و بە هیچ شێوەیەك خزمەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دۆزی رەوای ئەم میللەتە ناكات، بە تایبەت بۆ قۆناغی ئێستای كوردستان، ئەمە هەتا ئێستا دیاردەیە و ئەگەر پێشمەرگەیەك وازی لە پێشمەرگایەتی هێنابێت و كۆچی كردبێ بۆ ئەورووپا، حاڵەتێكی دەگمەن بووە، بەڵام تا ئێستا بە شێوەیەكی فەرمی هیچ یەكەیەكی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە،  وەزارەتی لەوە ئاگادار نەكردووەتەوە كە پێشمەرگەیەك وازی هێنابێت بە هۆی  قەیرانی داراییەوە".

(حیكمەت) گوتیشی: "ئێمە خۆبەخشێكی زۆرمان هەیە و تا ئێستا خۆبەخشەكانیش ئەم هەڵوێستەیان نەبووە، چونكە لە راستیدا خۆبەخش تارادەیەكی زۆر سەربەخۆیی خۆی هەیە و، خۆبەخشانە هاتوونەتە سەنگەرەكانی پێشمەرگە بۆ هاریكاریكردنی برایانی  پێشمەرگە و لەسەنگەرەكانی پێشەوەی بەرگرین لە خاكی پیرۆزی كوردستان بە بێ گوێدانە كێشە و ئەو قەیرانە داراییەی هەرێمەكەمانی گرتووەتەوە".

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەیشی دا: "قەیرانی دارایی كاریگەرییەكی تەواوی لەسەر كۆمەڵگای كوردستان هەیە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ باكگراوندی پێشمەرگەی كوردستان، جۆری پەروەردەكردن و راهێنانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەرگیز بەو ئاڕاستەیە و بەو شێوەیە نەبووە كە لەو قۆناغەی ئیستا تێیداین، پێشمەرگە واز بێنێت و سەنگەرەكان لەبەر هۆكاری دارایی چۆڵ بكات".
ئەو هەروەها داوایش لە میدیاكانی كوردستان دەكات، ئەگەر ناتوانن خزمەت بە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن، بەم جۆرەیش دژایەتیی پێشمەرگە نەكەن. "دواجار ئێمە وای لێك دەدەینەوە كە دەستێك لە پشت ئەم جۆرە هەواڵانەوە هەبێت بۆ مەبەستی ورووژاندنی هەست و سۆزی پێشمەرگە".

شیاوی باسە، ڕۆژنامەی ئاوێنە لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا چەند بەرپرسێک قسەیان کردووە، بەڵام هیچ کامیان نەیانگوتووە کە بە هۆی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچەوە پێشمەرگە سەنگەرەکانیان چۆڵ کردووە، کەچی ڕۆژنامەکە نابەرپرسانە بە مانشێتێکی گەورە نووسیویەتی "قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی هەڵتن لە ڕیزەکانی پێشمەرگە زیاد دەکات." لە ڕاستیدا مانشیت و نێوەرۆک هیج پێوەندیێکیان پێکەوە نییە و، لە زانستی ڕۆژنامەوانیدا وەها ڕپۆرتێک جێی نابێتەوە.


فائیزە پاڵانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار