٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندێکی یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتیان بۆ حکوومەتی هەرێم دەربڕی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە دیداریدا لەگەڵ شاندێکی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند کە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە پلانێكی چارەسەركردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییە كردووە و بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێم پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بە تایبەتی یەكێتیی ئەورووپا هەیە لە ڕووی دابینكردنی هاوكاریی تەكنیكی و شارەزا و پسپۆڕەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 25 - 1 - 2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی نێردەی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق كرد كە لە كۆستەنتینۆس ڤارداكس هەڵسوڕێنەری كاروباری نێردەی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق و بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان و كوونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو.

لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێم و دیداریان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتبی ئەورووپا و عێراق بە شێوەیەكی گشتی كرد و ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگە و خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و حەواندنەوەی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان.

ئاماژەیان بەوەش دا كە یەكێتیی ئەورووپا بە بەیایەخەوە سەیری بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكات و پەرۆشیی خۆیان بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە داراییە پیشان دا كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، بۆ ئەم مەبەستەش ئاشكرایان كرد كە لە بەرنامەیاندایە دیدار لەگەڵ هەموو لایەنەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن و یەكڕیزی و چارەسەركردنی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانیشیان بە هاندەرێكی چارەكردنی دۆخەكە وەسف كرد و پشتگیریی خۆشیان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چارەكردنی قەیرانی دارایی و كێشە ناوخۆییەكان دەربڕی.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و پشتگیرییەكانی یەكێتبی ئەورووپا بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و هاوكارییكردنی پەنابەر و ئاوارەكانی دەستی تیرۆر كرد. خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ پشتگیریی یەكێتیی ئەورووپا لە بارەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی هەرێمی كوردستان گرتووە، دەبڕی و هۆكارەكانی دروستبوونی ئەم قەیرانەشی بۆ بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا، شەڕی تیرۆرستانی داعش، هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ هەرێم و دابەزینی لەناكاوی نرخی نەوت گەڕاندەوە.

لە بەردەوامیی قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە پلانێكی چارەسەركردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییە كردووە و بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێم پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بە تایبەتی یەكێتیی ئەورووپا هەیە لە ڕووی دابینكردنی هاوكاریی تەكنیكی و شارەزا و پسپۆڕەوە. هەروەك باسی لە پلانی چاكسازیی حكوومەتی هەرێم كرد بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و تۆكمەكردنی سیستمی بەڕێوەبردن لە هەرێمی كوردستان. هیواشی خواست هەرێمی كوردستان لە پرۆگرامەكانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق سوودمەند بێت. دووپاتیشی كردەوە كە ئەوان پابەندن بە بنەمای گفتوگۆ و دیالۆگ بۆ چارەكردنی كێشە ناوخۆییەكان و ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەن.

هەروەك ئاشكرای كرد كە گەلی كوردستان لە چوارچێوەی پیادەكردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسدا، لە ڕیفراندۆمێكدا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات و هەر بڕیارێكیش گەلی كوردستان بیدات لە چوارچێوەی گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەكی ئاشتییانە دەخرێتە ڕوو و گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار