گەڕانەوە بۆ بەغدا چارە نییە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکیسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، ھەڵوێستی ئەو دوو ساڵەی بەغدا ھەڵوێستێکی سیاسییە ھیچ پەیوەندییەکی بەناردنی نەوت نییە، بەڵکو ئامانجی بەغدا ئەوەیە دەوری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدات و ئابڵوقەی ھەوڵەکانی کورد بدات بۆ نەگەیشتن بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی.
لەو کاتەوەی کە ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی دارایی و ئابووری بووە ھەندێک ھێزی سیاسی لە ڕێگەی ئەندامانیانەوە باس لە گەڕانەوەی ھەولێر بۆ بەغدا دەکەن و بە چارەسەری قەیرانەکەی دادەنێن بۆ ھەرێمی کوردستان؛ ھەرلەم بارەیەوە (خەسرۆ گۆران) سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گەڕانەوە بۆ بەغدا چارەسەر نییە، چونکە ھەولێر ساڵی پار نەوتی خۆی ڕەوانەی بەغدا کرد ھەر ھەمان ھەڵوێستیان ھەبوو کە ئێستا ھەیانە ئەو ھەڵوێستەی کە بە غدا نواندوویەتی لە م دوو ساڵەی کۆتاییدا پەیوەندی بە ڕادەستکردنی نەوت نییە، ھەڵوێستێکی سیاسییە و ئامانج لێی دەوردانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و ئابلوقەدانی ھەوڵەکانی کوردە بۆ سەربەخۆیی زیاتر."
(گۆران) لەبارەی ناردنی نەوت بۆ بەغدا گوتیشی: "نەوت تەسلیم بکەین و نەکەین ئەمە سیاسەتی بەغدا دەبێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا؛ (عەبادی) ڕاشکاوانە گوتی چەند نەوتمان پێ بدەن ھەرئەوەندە پارە بە ھەرێمی کوردستان دەدەین، کەواتە نەوتمان لێ دەکڕێتەوە، کەوایە ھەر نەوتفرۆشتن بێت دەتوانین لە بازاڕی دەرەوەیشدا بیفرۆشین ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ بە پێچەوانەوە لەوانەیە کڕیاری باشترمان ھەبێت."
(گۆران) ئاماژەی بە قەیرانی دارایی ھەرێمی کوردستان دا: "قەیرانەکە لەناکاو هات، لە بڕوای وەزیری سامانە سروشتییەکان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش نەبوو قەیران ھەموو جیھانی گرتۆتەوە کە داھاتیان نەوتە تەنیا کوردستان بە تەنها نییە کێشەی قەیرانی دارایی ھەبێت، بەڵام بە پێی ئەوەی کوردستان دەوڵەتیکی سەربەخۆی نییە بە دڵنیاییەوە کاریگەرییەکی زیاتری ھەیە لەسەر ھەرێمی کوردستان؛ وڵاتانی سەربەخۆ دەتوانن لە وڵاتان قەرز وەربگرن و دەتوانن وەبەرھێنان بکەن بە قەرز، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە حوکمی ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی نییە مەجالێکی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی نییە، لەو کاتەدا تاکە چارە بۆکورد ئەوەیە تا زووە ھەرێمی کوردستان خۆی ڕزگار بکات لە عێراق سەربەخۆیی خۆمان رابگەیێنین."
ھەر سەبارەت بەم پرسە پسپۆڕی سیاسەت و یاسای نێودەوڵەتی مامۆستای زانکۆ (عومەر نوورەدینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕاستیدا قەیرانی دارایی و ئابووری بەپلەی یەکەم ھەموو وڵاتانی نەوتفرۆشی وەک (عێراق، کەنداو، نایجیریا و ڤەنزویلا)یشی گرتووەتەوە؛ ئەم قەیرانە پێوەندی بە دابەزینی نرخی نەوتەوە ھەیە نەک کە نەوت لە کوێوە بەڕێ دەکرێت؛ بۆیە قەیرانی دارایی ھەرێمی کوردستان لەوە دروست نەبوە کە ئێمە لە ڕێگەی بەغداوە نەوت ھەناردە ناکەین بەڵکو بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتەوەیە بۆیە گەڕانەوە بۆ بەغدا چارەسەر نییە قەیرانی دارایی ھەرێم بەمە کۆتایی نایەت، چونکە لە بنەڕەتدا بەغدا وەک ھەڵوێستی سیاسی سەبارەت بە پرسی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان ھیچ ھەڵوێستێکی باش و ئەوتۆی نیشان نەداوە کە بڵێ پشتیوانی ھەرێمی کوردستان دەکەم."
(نوورەدینی) دەیشڵێ: "لێدوانە فەرمییەکانی حکوومەتی ناوەند ئەوە نیشان دەدەن کە بەغداش وەزعی لە ئێستا خراپتر دەبێت و دەکەوێتە ناو قەیرانی دارایی کە مووچەی فەرمانبەرانی پێ نادرێت؛ مانەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە ئێستا بە شیوەیەکی تایبەتمەند و سەربەخۆ دەیفرۆشین باشترە لەوەی کە جاریکی تر ڕادەستی بەغدای بکەینەوە کە بکەوێتەوە ژێردەستی ئەو لەگەڵ ئەوەی کە نرخی نەوت لە دابەزیندایە، بەغدا جێی متمانە پێکردن نیە دیسان مامەڵەیەکی ئەو تۆی لەگەڵ ناکەن وەک چەکێکی سیاسی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بە کاریی دەھێنن بەتایبەتی لە بەرامبەر ئەوەدا داوای سازشکردنی سیاسیت لێبەکەن بەتایبەتی لەم ساڵی ڕابردوودا ئەگەر بەغدا ھەرێمی کوردستانی وەک و بەشێک لە عێراق سەیربکردایە سیاسەتێکی پشتیوانی ھەبووایە بۆ ھەرێمی کوردستان وەفدێکی دەنارد داوای کۆبوونەوەی ھاوبەشی دەکرد، یان نیەتێکی باشی نیشان دەدا لە بەرامبەر ئەوەدا ھەڵوێستی ھەبێت بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بلێ من ھاوکاریی دارایی پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان دەکەم وەک و ڕاگرتنی پارسەنگێک و وەک پشتیوانییەک بۆئەوەی بە شیوەیەکی ئەوتۆ قورسایی دارایی لەسەر ھەرێمی کوردستان کەم بکەنەوە، بەڵام ھیچ ھەڵوێستێکی باشمان لە بەغداد نەبینیوە ئێستا ئەوەی کە دەشیکات لە ڕاستیدا تۆمارکردنی ھەڵوێستێکە کە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان کە زیاتر لە چوارچێوەی ململانێی سیاسی و تێکگیرانی سیاسیە کە ئیستا لە گەڵ بە غدا ھەیە ئەو کارتە بەکار دەھێنرێت."
(نوورەدینی) ئاماژەی بەوەش دا: "کە عێراق لە قانوونی بوودجەی ئەمساڵدا بە فەرمی ئەوەی ڕاگەیاندوە کە پەنا بۆ قەرزکردن دەبات لە باری سیاسەتی نێو دەوڵەتییەوە تاکە جیاوازیی ھەبێت لە نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان ئەوەی کە پێی دەگوترێت یاسایی نێودەوڵەتی؛ عێراق دەتوانێ قەرز بکات بەڵام قەرزکردن بۆ ھەرێمی کوردستان کەمێک زەحمەتترە، لەبەر ئەوەی دەوڵەت نین، تا ئیستا عێراق بۆ خۆی ٨٠ ملیار دۆلار قەرزدارە."
فائیزە پاڵانی




