كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و لایەنەكان، دەریچەیەكە بۆ دەربازبوون لە قەیران

هەولێر-KDP.info- هێزە سیاسییەكانی كوردستان، كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنەكاندا بە گرینگ دەزانن و، پێیان وایە دەریچەیەكە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سیاسیی كوردستان.
بڕیارە سبەی سێشەممە (26\1\2015)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆ ببێتەوە، بەپێی زانیاریی ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پرسی ڕیفراندۆم و قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان و پرۆسەی سیاسی و پرسی پەرلەمان و هەنگاوەكانی حكوومەت بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی لە كوردستان تاوتوو دەكرێت، هاوكات سەركەوتنی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگ و ئاییندەی داعش لە ناوچەكە و هاوكارییەكان بۆ هێزی پێشمەرگە، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەوە دەبێت.
(عەلی عەونی) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە پێیمان وایە كۆبوونەوەی سبەی (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پڕبایەخ دەبێت، چونكە زۆر گرینگە خەڵك لەو گرێ دەروونییە رزگاری بێت كە هەندێك لایەن وا بڕوایان لەلای خەڵك دروست كردووە كە ئیرادەیەك نییە بۆ كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان، بۆیە دۆخی هەرێمی كوردستانیش بە شێوەیەكی گشتی حاڵەتێكی تایبەتی وەرگرتووە، لەلایەك شەڕی داعش و لەلایەك قەیرانی دارایی، هەموومان دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدابكەین".
(عەونی) گوتی: "گرینگە لە ڕووی پرەنسیپەوە لایەنەكان لەم دۆخەدا لەگەڵ یەكتری بن، بە تایبەتی هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان گرینگە كە سەرجەم لایەنەكان كۆ بكاتەوە".
هاوكات (سەعدى ئەحمەد پیره) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هەموو كۆبوونەوەیەكم پێ باشە و كۆبوونەوەیش رێگای گەییشتن بە چارەسەری گرفتەكان كورت دەكاتەوە".
(پیره) گوتیشی: "گرینگە لەم كۆبوونەوەدا لە بوارە جیاجیاكان (سەرۆك بارزانی) دەستپێشخەری هەبێت، بە تایبەتی لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم دەستپێشخەری هەبێت كە بەمە خزمەتێكی گەورە دەكات، لە بابەتی قەیرانی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش دەستپێشخەری بكات زۆر گرینگە، هەروەها دەستپێشخەری بۆ قەیرانی دارایی گرینگە بۆ چاككردنی بژێویی خەڵك، ئەم سێ بابەتە ئەگەر دەستپێشخەری بۆ بكرێت زۆر گرینگن".
راشیگەیاند: "خەڵك زۆر چاوەڕوانی ئەم كۆوبونەوەیە دەكات و لایەنە سیاسیەكانیش بە هەمان شێوە بە بایەخەوە سەیری كۆبوونەوەكە دەكەن."
(بابا عەلی جەباری) گوتەبێژی حزبی شیوعیی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكان، یەكێكە لە هەنگاوە سەرەكییەكان بۆ رەواندنەوەی ئەو دۆخە سیاسییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە و، بۆ چارەكردنی ئەو دۆخەیش پێمان وایە چارەسەری گرفتە سیاسییەكان یەكێكە لە هەنگاوە سەرەتاییەكانی چارەسەری ئەو قەیرانانەی دیكە كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە."




