حکوومەت بریتی خێرا بۆ چارەی قەیرانی دارایی دەدۆزێتەوە

هەولێر-KDP.info- بەهۆی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە داهات زیاد بکات و خەرجییەکانی کەم بکاتەوە، ڕاوێژکارانی ئابووریش ئاماژە بە ڕێگاچارەی گونجا لەو بارەوە دەکەنەوە.
حکوومەت دەیەوێ بەو پاکێجانەی هەیەتی کار بکات بۆ بەرزکردنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی، بۆ ئەوەیش نەخشەڕێگای تازە دانراوە کە حکوومەت کاریان لەسەر دەکات؛ "عەلی بەلۆ" ئابووریناس و ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە بازاڕەکانی جیهان گازی سروشتی بووەتە گرفت و خواستی لەسەرە؛ چونکە نەوت ڕێژەی زۆر بووە و نافرۆشرێت، جا ئێمە سێ گازەڵان (کێڵگە گاز)ی گەورەمان هەیە دەبێت حکوومەت پەلە بکات لە هەناردەکردنی گازی تا بۆشایی کەموکورتی نەوت پڕ بکاتەوە، چونکە ئێمە ئەوەی لە نەوت دەستمان دەکەوێت بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات بەڵام بە ناردنی گازی سروشتی دۆخەکە چارەسەر دەبێت."
گوتیشی: "جیا لەمانە حکوومەت بەنیازە هەنگاوی گەورە بنێت، لەوانە کەمکردنەوەی بینایەی دامەزراوەکانی حکوومەت و، وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێل و داواکردنەوەی پارەکانی لە بازرگانەکان".
ئەوەشی خستە ڕوو: "بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لەسەر ئاستی جیهان، ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان زەرەرمەندی یەكەمین، بەتایبەت داهاتی هەرێمی كوردستان زۆر كەم بووەتەوە، ئەو گرێبەستە نەوتییانەشی كە حكوومەتی هەرێم كردوونی پێشتر كراون كە بارودۆخێكی جیاواز بوو و نرخی نەوت بەرز بوو، بۆیە دابەزینی نرخی نەوت وای كردووە داهاتەكان كەم ببنەوە و ڕێژەی ئەو دابەزینەش زۆر بەرچاو و كاریگەرە."
"د. فرسەت سۆفی" ئەندامی پەرلەمانی کوردستانیش بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "حکوومەت لە بەرنامەیدایە کە داهاتی وەزارەتەکان زیاد بکات چونکە ئەوەی ئێستا هەیە کەمە و ناتوانێت لە ئاس خەرجی وەزارەتەکان بێت بۆیە دەبێت لە ماوەیەکی کەمدا ئەم پلانە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، هەروەها هاوسەنگی بکرێت لە پێدانی مووچەی پلە باڵاکان و مووچەکانی دیکە کە بەم شێوەیە پارەیەکی زۆر بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، لەهەمان کاتدا تەواوی ئەو مڵکانەی کە بە هەرزانفرۆش دراوە بە وەزارەتەکان، دووبارە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و مڵکەکانی حکوومەت لە دەست تاکە کەسەکان وەربگرێتەوە؛ بۆ نموونە ئۆتۆمبێلەکانی حکوومەت وەربگیرێتەوە و لە بازاڕێکی جیهانی بفرۆشرێن؛ یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی حکوومەت کە بەم نزیکانە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە بڕینی دوو مووچە و کەمکردنەوەی خەرجی زیادەی وەزارەتەکانانە".
بەپێی قسەی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی، داهاتیان بەشی خەرجی ناكات و ئاشكراشی كرد مانگانە ٤٠٠ملیار دینار كورتهێنانیان هەیە."
فرسەت سۆفی پێی وایە ئەگەر هات و حکوومەت بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بەرزکردنەوەی داهات بتوانێت بەشێک لەو کورتهێنانە پڕ بکاتەوە کەلێنێکی گەورە لە قەیرانەکە پڕ دەکاتەوە و ئەو کاتە ئەگەر هات و نرخی نەوتیش لە بازاڕی جیهان بەرز بوویەوە ئەوە هەرێمی کوردستان بەبێ گرفتی مووچەی فەرمانبەرنی پێ دەدرێت.
کارزان هەورامی




