٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان، بە دوای لێپێچینەوە و سزادانی قاچاخچیانەوەیە.. بۆ قوربانیانی دەریای ئیجە نیگەرانە

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info-  پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێكیدا وێڕای سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی دەریای ئیجە، داوا لە پەرلەمانتاران دەكات بە جیددی لەسەر ئەم پرسە بوەستن و هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ، هەروەها بە ئەرکی حكوومەتیشی دەزانێ ئەو كەسانەی بازرگانی بە خەڵكەوە دەكەن، دەستگیریان بکا و سزایشیان بۆ بڕێتەوە.


لە ڕاگەیێندراوەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان(د. جەعفەر ئێمینکی)ـدا هاتووە، بەداخەوە دیاردەی كۆچی نایاسایی بە هۆی سەختیی رێگە و قووڵایی دەریا و دووریی سنوورەكان و تەڵەكەبازیی ئەوانەی بازرگانی بە گیانی مرۆڤەكانەوە دەكەن، هەمیشە ژن و منداڵ و گەنج و پیری كردووەتە قوربانی، لە كاتێكدا دڵنیاین هیچ بەهەشتێك لە چاوەڕوانی ئەو بەڕێزانە نابێ، بگرە ژیانێكی تر بە كۆمەڵێك كێشەی ترەوە كە نامۆن بە كۆمەڵگەی كوردەواری چاوەڕوانیان دەكات و رووبەڕووبوونەوەیشیان ئاسان نییە.


ئەمەیش دەقەكەیەتی:

زۆر بەداخەوە دیسان هەواڵی كۆچباربوونی ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پەڕینەوەیان لە دەریای ئیجە، لە ناخەوە ئێمەی تاساند و نیگەران و دڵتەنگی كردین، بەم بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی كەسوكاری سەرجەم قوربانیان دەكەین.
زۆر بەداخەوە دیاردەی كۆچی نایاسایی بە هۆی سەختیی رێگە و قووڵایی دەریا و دووریی سنوورەكان و تەڵەكەبازیی ئەوانەی بازرگانی بە گیانی مرۆڤەكانەوە دەكەن، هەمیشە ژن و منداڵ و گەنج و پیری كردووەتە قوربانی، لە كاتێكدا دڵنیاین هیچ بەهەشتێك لە چاوەڕوانی ئەو بەڕێزانە نابێ بگرە ژیانێكی تر بەكۆمەڵێك كێشەی ترەوە كە نامۆن بە كۆمەڵگەی كوردەواری چاوەڕوانیان دەكات و رووبەڕووبوونەوەیشیان ئاسان نییە.
هەر بۆیە داوا لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین زۆر بە جیددی لەسەر ئەم پرسە بوەستن و هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی تاكەكانی كۆمەڵ پەنا بۆ ئەم دیاردەیە نەبەن و، لەسەر دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمیش پێویستە، زیاتر لە جاران كاری جیددی و پەلە ئەنجام دەن بۆ دەستگیركردن و سزادانی ئەو كەسانەی بازرگانی بەو خەڵكە بەڕێزانەوە دەكەن و لە خەیاڵدا بەهەشتێكیان بۆ وێنا دەكەن، كەچی لە واقیعدا رووبەڕووی دۆخێكی یەكجار سەخت و مەترسیدار دەبنەوە و ئەوەیشمان بیر نەچێ رۆژانە خەڵكانێك بە هۆی باری نالەباری ئاوارەیی واز لەو وڵاتانە دێنن و دووبارە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە.
دەبێ هەموو ئەوە بزانین كە ئەم خاكە ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە توانا و ئیرادەی سەرجەم تاكەكانی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەوەی بە گیانێكی كوردستانیانە رووبەڕووی ئەو تەحەددیانە ببینەوە كە بەرۆكی گرتووین و دڵنیاین لە ماوەیەكی كورتدا بەسەریاندا زاڵ دەبین و گەلەكەمان بە ئاواتی خۆی دەگات.
                         

جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
٢٤/١/٢٠١٦
 

هەواڵی پەیوەندیدار