٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی مامۆستایان: پشتگیریی لە چاكسازییەكانی حكوومەت دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكوومەت كۆ دەبینەوە و چەند پرسێك تاوتوو دەكەین، تا بتوانین لەم قەیرانە دەربازمان بێت و پشتگیری لە چاكسازییەكانیان بكەین.

(ئەحمەد گەرمیانی)، پێوەست بە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیان لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەریی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا بڕیارە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەت و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكوومەت ئامادە بن و كۆمەڵێك بەرنامەی چاكسازی لە بواری دابینكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجیات دەخەنە بەرچاومان، ئێمەیش گلەیی ئەوەمان هەیە كە حكوومەت نیو مووچەی داوە، بەڵام هەوڵیش دەدات نیو مووچەكەی تریش بە زووترین كات دابین بكات".

(گەرمیانی) گوتیشی: "پێداچوونەوە دەكەین بۆ ئەوەی كە بە هیچ شێوەیەك دەست بۆ بڕینی مووچە نەبەن كە ئەوانیش پێشتر پەیمانیان داوە تەنیا ئەو پارەی كە دەمێنێتەوە بڕینی مووچە نییە، بەڵكو دواكەوتنی نیوە مووچەكەیە، كەواتە لێرە دواكەوتنی مووچە لەگەڵ برینی مووچە جیاوزی هەیە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری نەداوە مووچەی مامۆستایان كەم بكرێتەوە یان نیوەكەی تر نەدرێت".

جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان دەشڵێت: "هەوڵ دەدەین ئەمڕۆ ئەم باسانە بخەینە ڕوو و كۆمەڵێك پێشنیازی مامۆستایان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و یەكێتیی مامۆستایان لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكوومەت تاوتوو دەكەین، تا بتوانین لەم قەیرانە دەربازمان بێت و پشتگیری لە چاكسازییەكانیان بكەین، بەڵام بە مەرجێك كاریگەری لەسەر ژیان و بژێویی مامۆستایان نەبێت".

بەشداربووانی كۆبونەوەكە، بریتین لە: وەزیری پەروەردە، نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان.

فائیزە حەمید

هەواڵی پەیوەندیدار