٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە دەنگۆیەکی ڕەت کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دەنگۆ داخرابوو گوایە لەبەر قەیرانی دارایی داوا لە پێشمەرگە کراوە لەمەودوا خۆراکی خۆیان دابین بکەن و بۆیان دابین ناکرێت! بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەو دەنگۆیە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، بە ھیچ جۆرێک بڕیارێکی لەو شێوەیە نەدراوە و بەردەوام خۆراک بۆ ھێزی پێشمەرگە دابین کراوە.

بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کورستان عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئەو دەنگۆیەی بەدرۆ خستەوە و گوتی: "ئەو دەنگۆیە ھیچ ڕاست نییە و، سەرپاک درۆیە و، وەزارەتی پێشمەرگە خۆی خۆراک بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکات."
عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) گوتیشی، ھەرچەندە مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دوا دەکەوێت، بەڵام ھێزی پێشمەرگە لە ڕووی دابینکردنی خۆراک و سووتەمەنی ھیچ کێشەیەکیان نییە و، بەردەوامی بۆیان دابین کراوە.
(حیکمەت) ڕوونیشی کردەوە، داخستنی دەنگۆی ئاوەها خزمەت بە ھێزی پێشمەرگە ناکات.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار