"ئاوارەی دیکە دێنە دهۆک..با کەمپێک لە نزیک مووسڵدا بکرێتەوە"
__2016_01_23_h17m49s4__HK.jpg)
دهۆک-KDP.info- بەرپرسی كەمپەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك ڕایگەیاند، ئاوارەكانی سنووری دهۆك هەموو پێداویستییەكی زستانەیان بۆ دابین كراوە و هیچ كێشەیەكیان نییە، هەروەها UN داوای لە ئێمە كردووە ئامادەكاری بكەین بۆ هاتنی شەپۆلێكی نوێی ئاوارە لە شاری مووسڵ.
(ئیدریس ساڵح) بەرپرسی كەمپەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "سنووری پارێزگای دهۆك، ٢١ كەمپی لێ کراوەتەوە؛ لەو ڕێژەیە ١٧ كەمپ بۆ ئاوارەكانی دوای هاتنی داعش كراونەتەوە، ٤ كەمپیش بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان، كە ڕێژەیەكی زۆر لە خێزانە ئاوارەكان لەناو ئەو كەمپانە نیشتەجێ كراون و هەموو پێداویستیەكی زستانە وەك نەوت و سۆپا و جلوبەرگی زستانە بۆ ئاوارەكان دابین كراوە و هیچ كێشەیان نییە و ڕۆژانەیش پێداویستییان بۆ دابین دەكەین."
گوتیشی: "ئێستا UN باس لەوە دەكات كە دەبێت ئێمە وەك پارێزگای مووسڵ خۆمان بە باشی ئامادە بكەین بۆ هاتنی شەپۆلێكی نوێی ئاوارە لە پارێزگای مووسڵ دوای ئازادكردنی ئەو شارە لە دەستی تیرۆریستانی داعش، بۆیە ئێمەیش خۆمان ئامادە دەكەین، بەڵام بە هۆی ئەوەی ڕێژەیەكی زۆر ئاوارە لە سنووری دهۆك هەن، بۆیە ناتوانین هیچ ئاوارەیەكی دیكە وەربگرین، بۆ ئەوە پێویستە كەمپێكی گەورە لە نزیك مووسڵ بكرێتەوە تا كاتێك ئەو شارە ئازاد دەكرێت ئاوارەكان لەو كەمپە كۆ بكرێنەوە."
(ساڵح) ئاماژەی بەوەیش كرد، دوای ئازادكردنی شنگال و دەوروبەری هەندێك لە ئاوارەكان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام وەك پێویست نەگەڕاونەتەوە هۆكارەكەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە داعش هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریی لە ناوچانەی ئازاد كراون بەجێ نەهێشتووە و هەموویان خراپ بوونە، بۆیە ئەو ناوچانە دووبارە پێویستیان بەوەیە ئاوەدان بكرێنەوە پاشان خەڵكی ناوچەكە بگەڕێنەوە، بەڵام بە داخەوە حكوومەتی عێراق هیچ هاوكارییەکی ئەو ناوچانە ناكات و هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی بۆ ئەو ناوچانە دابین نەكردووە."
ڕابین شێروانی




