٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی ئامادەی هەر دانیشتنێکە، کە خزمەتی ڕەوشەکە بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە هەر پڕۆژەیەک وەربگرێت کە خزمەتی خەڵکی کوردستان و پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکە بکات؛ بەو مەبەستە دەست دەکاتەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا.

(عەلی حوسێن) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "پارتی هەمیشە لایەنێکی چارەسەری گرفتەکان بووە ئەو کاتانەی لایەنەکان ڕەخنەیان لەسەر شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەچوونی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان هەبوو، ئێمە داوامان کرد کە پرۆژەیان هەبێت، لە کاتێکدا پارتی زیاتر لە بژاردەیەکی دابوو بە لایەنەکان بۆ ئەوەی گفتوگۆی لێ بکەن."

دەیشڵێت: "ئێستاش پارتی ئامادەیە هەر پرۆژەیەک وەربگرێت کە پرسی چارەی قەیرانی سیاسی کوردستان بهێنێتە ئاراوە؛ بۆیە دەرگای گفتوگۆیشمان کردووەتەوە بە ڕووی حزبەکاندا و شاندی ئێمە بەردەوام سەردانی حزبەکان دەکات، پێشمان وایە ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کوردستاندا هەیە بەشێکی واقعە و بوونی هەیە بەڵام بەشێکی قەیرانە؛ ئەو قەیرانە هەندێک لایەنی سیاسی خولقاندیان، بەتایبەتی کاتێک متمانەمان دایە گۆڕان پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرن، بەڵام ئەو بەرپرسیاریەتییەکان وەک پێویست وەرنەگرت و دواجار ئەوەیان خولقاند کە ئێستا هەیە".

"سەعدی ئەحمەد پیرە" ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکێتی و پارتی لەم قۆناغەدا بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشیان دەکەوێتە سەرشان و، دەبێت بە یەکەوە لەگەڵ لایەنەکاندا گفتوگۆ بکەن بەشکەم ئەم قەیرانە سیاسی و داراییەی کوردستان چارەسەر بکەن؛ ئاخر ناوچەکە وا خێرا دەگۆڕێت، دەبێت هەموو لایەکمان ڕەچاوی ئەو خێراییە بکەین و بە قازانجی هەرێمی کوردستان ئاراستەی بکەین."
دەیشڵێت: "ئێمە وەک یەکێتی پرۆژەی نەخشەڕێگای چارەسەری قەیرانەکانمان داوەتە پارتی دیموکراتی کوردستان و، لەگەڵ گۆڕانیشدا قسەمان کردووە؛ چاوەڕوانی وەڵامی پرۆژەکەمانین کە بە دڵنیاییەوە برادەرانی پارتی ئێستا قسەی لێ دەکەن".

هاوکات، ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کورستانی ڕاگەیاند: "وەک پارتی لە پەرلەمانی کوردستان داوامان کردووە سەرجەم پرۆژە و بیروبۆچوونێکی جیاواز لە چوارچێوەی پاکێجێک ئاراستەی پەرلەمان بکرێت لەوێ گفتوگۆی لێ بکرێت، بەڵام بە مەرجێک چۆن لە پێکهێنانی حکوومەت و پەرلەمان بە تەوافوقی بووە ئەوەش بە تەوافوقی بێت نەک وەک ئەوەی ١٩ی ئاب کە دواتر نیگەرانیی شەقامی لێ کەوتەوە؛ ئێستاش پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەی هەموو گفتوگۆ و دانیشتنێکە کە خزمەتی ڕەوشەکە بکات".
ڕایشیگەیاند: "با هێزەکان لەوە تێبگەن ناکرێت بە ئەقڵی تاک حزبێک، حزبەکانی دیکە بخرێتە چوارچێوەیەکەوە و ئاراستە بکرێت لە دژی پرۆسەی سیاسیی کوردستان."

کارزان سەباح
 

هەواڵی پەیوەندیدار