حکوومەت مووچەی فەرمانبەران نابڕێت

هەولێر-KDP.info- دڵشاد شەهاب رایدەگەینێ کە حکوومەت بەهیچ شێوەیەک مووچەی فەرمانبەران نابڕێت و بڕیاری لەو شێوەی نەداوە و ئەولەویەتی حکوومەت بۆ دابینکردنی مووچەیە.
ئەمڕۆ وۆرکشۆپی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێوەست بە قەیرانی دارایی سازدرا و دڵشاد شەهاب ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی راگەیاند کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی قەیرانی دارایی کراوە.
دڵشاد شەهاب راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بۆ چاکسازی پرس و راوێژ بە چین و توێژەکان کراوە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە و وۆرکشۆپەکەی ئەمڕۆیش دیالۆگێک بوو بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی.
گوتیشی کە، حکوومەتی هەرێم هەوڵی تەواو دەخاتەگەڕ بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، هەروەک باسیشی کرد کە قەرزیش یەکێک لەو دەرگایانەیە کە حکوومەت پەنای بۆ ببات.
لە وۆرکشۆپەکەدا راگەیاندرا کە حکوومەت چەند بۆردێکی پێکهیناوە بەمەبەستی چارەکردنی قەیرانی دارایی.
هەروەها گوتی "کارەکانی حکوومەت و ئەنجوومەنی نەوت و گاز بەم شێوەیە دابەش کراون بۆ لێژنەکان، ژوورێک بۆ سەرجەم داهاتە خەرجی و مووچەخۆران و فەرمانبەران و روونکردنەوەی ئەو بوارانە".
ئەوەشی خستەروو کە لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان و دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی رابردوو لە بواری نەوت کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکانە، ئەنجومەنی باڵا دوو بڕیاری سەرەکی دەرکردووە و ئەمانەن:
یەکەم: تاکو سندووقی داهاتی نەوت دروست دەبێت بڕیارە بۆردێکی نەوتی و دارایی دروست بکرێت بەسەرپەرشتی نوێنەرێکی ئەنجومەنی وەزیران و سامانە سروشتییەکان و ژمێریاری وەزارەتی دارایی و چاودێری دارایی، کە ئەرکی رێکخستنەوە و وردبینی سامانە سروشتییەکان و داهاتەکانی سامانە سروشییتەکان وەک نەوت و بەرهەمی نەوت و پاشکۆیەکان و تانکەرەکان و پاڵاوگەکان و هەر بوارێکی دیکەی بازاری سەرجەم داهاتەکان لەلایەن ئەم بۆردەوە وردبینی دەکرێت قۆناغ بە قۆناغ زانیاری بە هاووڵایەتیان دەدرێت و یەکێک لە کۆمپانیا ناودارەکان جیهان لە بواری نەوت بەشداری ئەم بۆردە دەبێت وەک لایەنی سێیەم و شایەد.
دووەم: لە دەرەوەی بۆرد سەرجەم بابەتە خاوەکان مەبەست لە تانکەرە نەوتەکان دەبێت بەهیچ شێوەیەک نادرێت بە هیچ کەس و کۆمپانیا و بەڵێندەرێک بەڵکو بەڵێن بدرێت کێبڕکێ لەنێوان کۆمپانیا نەوتییەکان بکرێت و بە باشترین شێواز ئەو داهاتە بۆ حکوومەت بگەرێتەوە.




