"بهشداریی خەڵكی ڕۆژئاوا له پرۆسەی سیاسیدا، پەیەدەی ترساندووه"

ڕۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا دەڵێت: "چاوەڕوان نەبووین ئەوەندە هاووڵاتییە پێشوازی لە كەمپینی كۆكردنەوەی واژۆی یەك ملیۆن كەس بكەن، ئەمەیش جێی دڵخۆشییە، بە تایبەتی كە ئێستا خەڵكی ڕۆژئاوا لەوە گەییشتوون چۆن مافەكانیان دەستەبەر بكەن".
(د. كاوە ئازیزی)، بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ڕۆژ لە دوای ڕۆژ كەمپینی كۆكردنەوەی واژۆی یەك ملیۆن كەسی، فراوان دەبێت و بۆ یەكەم جارە لەم رێگایەوە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بەشێوەی راستەوخۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا دەكەن و دەتوانن بە ئازادانە رای خۆیان بڵێن و بنووسن، بۆیە ئەم قۆناغە زۆر گرینگە بۆ داهاتووی ناوچەكە و ڕۆژئاوای كوردستان كە خەڵك رابهێنرێت لەوەی راستەوخۆ بەشداریی پرۆسەی دیموكراتی بێت نەك هێزێكی چەكدار خۆی بكاتە والی و خاوەنی شەرعییەتی خەڵك".
(ئازیزی) گوتیشی: "پەیەدە لە دژی ئەم هەنگاوە دیموكراسیانە زۆر پەشۆكاوە و جارێك هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و جارێك چالاكوانە سیاسییەكان دەگرن، ئێستایش هەڕەشە لەو كەسانە دەكەن كە هەڵمەتی كەمپینەكە بەڕێوە دەبەن، چونكە نایانەوێت ئەو ئەزموونە دیموكراتیانە لە ڕۆژئاوادا سەر بگرن و، دەیانەوێت ئەوەی خۆیان باوەڕیان پێی هەیە، بەسەر خەڵكیدا بسەپێنن".
ئاماژەی بەوەش كرد، "كەمپینی یەك ملیۆن واژۆ بەردەوام دەبێت ئەگەر پەیەدەیش بە هێز و بە چەكدار ڕووبەڕوومان ببێتەوە، بۆیە كۆڵ نادەین لەوەی دەبێت دەنگی خەڵكی ڕۆژئاوا بگەیەنینە هەموو جیهان".
كارزان ههورامی




