داوودئۆغڵو وهڵامی بایدنی دایهوه: بارەگای سەرەكیی پەیەدە، قەندیلە

ئانكارا-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغڵو)، هەموو ئەو دەنگۆیانەی بە درۆ خستەوە كە باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە توركیادا دەكەن بۆ ئەوەی ئاكپارتی بتوانێت دەستوور بخاتە ریفراندۆمەوە. ئەو دهڵێ، خەڵك بە رێژەی 49% دەنگیان بە ئاكپارتی داوە، بۆیە داوای خزمەت و خۆشگوزەرانی دەكەن نەك هەڵبژاردنی پێشوەختە.
چەند میدیایەكی توركیا بڵاویان كردەوە كە، سەرۆككۆماری توركیا، توركیا دەخاتەوە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە بەو رێژە كورسییەی ئێستا ئاكپارتی لە پەرلەماندا هەیەتی كە 317 كورسییە، ناتوانن دەستوور بخەنە ریفراندۆمەوە بۆ ئەوەی سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیا جێبەجێ بكرێت، بۆیە دەیەوێت لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا ئاكپارتی بتوانێت 330 كورسی بهێنێت.
سەبارەت بەو دەنگۆیانە، (داوودئۆغڵو) لە كاتی گەڕانەوەیدا لە بەرلین و لە كاتی گفتوگۆیەكی 2 سەعاتی لەناو فڕۆكە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا گوتی: "ئەوانەی دەڵێن توركیا روو لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات، قسەی بێبنەمان، خەڵك داوای خزمەت و خۆشگوزەرانی لەم حكوومەتە دەكات، چونكە 49%ـی هاووڵاتیانی توركیا دەنگیان پێ داوە، ئیتر چی پێویست دەكات هەڵبژاردن بكرێتەوە".
دوێنێ جێگری سەرۆكوەزیرانی ئەمەریكا (جۆو بایدن) لە گوتەیەكیدا بۆ ئەندام پەرلەمانانی توركیا ئاماژەی دا كە، پێویستە توركیا جیاوازی لە نێوان پەكەكە و پەیەدەدا بكات، چونكە پەیەدە شەڕی داعش دەكات و ناكرێت بە تیرۆریست ناوی ببەن.
بۆ وەڵامی ئەو گوتانەی (بایدن)، سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتی: "پەیەدە لە ژێرەوە و بە نهێنی لەگەڵ رژێمی (بەشار ئەسەد)ـدایە، بارەگای سەرەكییشیان لە قەندیلە، بۆیە تەنیا لەبەر ئەوەی شەڕی داعش دەكات شەرعیەتی ئەوەی نادرێتێ كە سەر بە پەكەكە نییە، نەخێر ئەوان هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ پەكەكەدا نییە."
كارزان گلی




