نەجیبە نەجیب: پێویستە بانكی ناوەندی، هاوكاریی هەرێم بكات

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە بانكی ناوەندیی عێراق لە رێگەی پارەی یەدەگی خۆیەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات، وەك چۆن هاوكاریی حكوومەتی عێراق دەكات، لەبەر ئەوەی تاوەكو ئێستا هەرێم بەشێكە لە عێراق.
(نەجیبە نەجیب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هۆكاری سەرەكیی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان، دابەزینی نرخی نەوتە كە هیچ كەسێك هەستی بەوە نەدەكرد نرخی نەوت دەگاتە ئەو ئاستە كە پێشبینی دەكرێت هێشتا دابەزی و ئەمەیش لە دەستەڵاتی كەسدا نییە و لە بازاڕ وای لێهاتووە و بەپێی شیكاری پسپۆڕانی ئابووری ئەو نزمبوونەی نرخی نەوت، زیانی ٣٠٠ملیار دۆلاری لە ناوچەكە داوە و ئەوەی دووەم ئەوەیە كە حكوومەتی عێراق بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، هەروەها شەڕی داعشیش خەرجیی هەرێمی كوردستانی زۆر زیاتر كردووە".
(نەجیب) گوتیشی، ئەو قەیرانەی كە هەیە، تەنیا هەرێم و عێراق تووشی نەبوونە، بەڵكو وڵاتانی دیكەیشی گرتووەتەوە، بەڵام ئەوەی عێراق و هەرێم زیاتر شەڕی داعش كاریگەری كردووەتە سەری.
ئاماژەیشی دا كە، ئەو قەیرانە كاتییە و پێشبینی دەكرێت لە دوای مانگی سێی ئەمساڵ نرخی نەوت بۆ ٤٥ تا٥٠ دۆلار بەرز بێتەوە، ئەو كات حكوومەت زۆر بە ئاسانی دەتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی دابین بكات.
راشیگەیاند: "جگە لەوە، پێویستە حكوومەت چەند هەنگاوێك بنێت و خەرجییەكان كەم بكاتەوە، هەروەها داهاتی نوێ زیاد بكات و باجیش لەسەر كەلوپەل دابنێت".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "ئێمە بەشێكین لە عێراق و دەتوانین قەیرانی دارایی لە رێگەی سەنەدات و خەزێنە و یەدەگی بانكی ناوەندیی عێراق چارە بكەین، بۆیە پێویستە ئێمەیش لەو یەدەگە سوودمەند بین كە رێژەكەی ٥٩ملیار دۆلار یەدەگی عێراقە و زیاتر لە٩٠ تۆن زێر یەدەگی عێراقە، بۆیە داوامان كردووە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی خۆمان لەگەڵ بانكی ناوەندی و بانكەكانی دیكە و وەزارەتی دارایی كۆبوونەوەیەكی فراوان بكەن بۆ ئەوە ی هاوكاریی هەرێم بكرێت و لەو قەیرانە دەربازی بێت".
بڵند ئیبراهیم




